زەیدی لەبارەی داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان پێشنیازێکی نوێ دەداتە ئەمریکا

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3514 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی شەفەق نیوز، کە پشتی بە سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بەستووە، ڕایگەیاندووە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە چەک داماڵینی گرووپە چەکدارەکان پێشنیارێکی نوێی پێشکەشی لایەنی ئەمریکی کردووە. 

 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم پێشنیارە لەسەر بنەمای دامەزراندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە لەناو عێراقدا داڕێژراوە، لە بەرامبەردا حکومەت بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پلانی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجی ئەم پێشنیارە گۆڕینی دۆسیەی چەک لە تەنگژەیەکی ئەمنیی ڕاستەوخۆوە بۆ ڕێککەوتنێکی سیاسیی و ئابووریی فراوانترە، ئەمەش لە ڕێگەی دابینکردنی هەلی کار و پڕۆژەی بەرهەمدار بۆ چەکدارانی ئەو گرووپانە تا ڕێگری لە هەر گرژی و ڕەتکردنەوەیەک بکرێت. 

زەیدی پێی وایە هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەبێتە پاڵپشتێکی ئابووریی و سیاسیی بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی قۆناغ بە قۆناغ بۆ داماڵینی چەک، بەتایبەت ئەگەر ئەم پڕۆژانە ببنە هۆی تێکەڵکردنی چەکداران بە بازاڕی کارەوە.

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتی تەواوی بە زەیدی بەخشیوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و پشتگیری خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و جیاکردنەوەی دەستەی حەشدی شەعبی لە لایەنە حزبی و سیاسییەکان دەربڕیوە. 

ئەم بڕیارەش دوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی لیژنەی سێقۆڵی هات کە پێکهاتبوو لە زەیدی و محەمەد شیاع سودانی و هادی عامری بۆ تاوتێکردنی میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی چەکی گروپەکان و دیاریکردنی کاتی ڕادەستکردنیان.