عێراق چەند هێرشێکی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ پوچه‌ڵكرده‌وه‌و گروپێكی چه‌كداریش هۆشداریده‌دات

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی عێراق قۆناغێکی نوێی لەململانێی کۆنتڕۆڵکردنی چەک‌و پاراستنی هاوسەنگییە هەرێمییەکان ڕاگەیاند، لیژنەی باڵای "کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت" ئاشکرایکرد، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە چەندین هێرش‌و ئۆپەراسیۆنی چەکداریی پوچەڵبکەنەوە کە بڕیاربوو لەناوخۆی عێراقەوە وڵاتانی دراوسێ بکەنە ئامانج، وه‌كو لیژنه‌كه‌ ده‌ڵێت، "ئامانجی ئەو ڕێکارانە ڕێگریکردنە لەتێوەگلانی عێراق لەململانێ هەرێمییەکاندا".


فەریقی ڕوکن قەیس مەحمەداوی سەرۆکی لیژنەی كۆكردنه‌وه‌ى چەک ڕایگەیاند، "عێراق بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادات خاکەکەی ببێتە مەیدانێک یان خاڵی دەستپێک بۆ هێرشکردنەسەر ئاسایشی چوارچێوەی وڵاتانی هاوسێ".

هاوكات حەیدەر عەبودی وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندوه‌، پاراستنی سەروەریی، جێگیری ئەمنی‌و هێشتنەوەی چەک تەنها لەژێر دەسەڵاتی شەرعی دەوڵەتدا، کۆڵەکەی سەرەکی کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران پێکدەهێنێت.

وتەبێژی حکومەت جەختیکردەوە، گرنگی کۆکردنەوەی چەک لەوەدایە کە نەهێڵرێت بڕیاری بەکارهێنانی هێزو چەک لەژێر کاریگەری یان فەرمانی لایەنە سیاسییە ناوخۆیی‌و دەرەکییەکاندا بێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم بڕیارانەی حکومەت ڕوبەڕوی ڕه‌خنه‌ى توندی لایەنە چەکدارەکان بوەتەوە، بزوتنەوەی (نوجەبا) کە یەکێکە لەگروپە چەکدارە دیارەکان هۆشداریده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەم هەنگاوانەی حکومەت لەبنەڕەتدا بۆ لێدانی چەکی بەرگریی هاتوەتە ئاراوه".

نازم سەعیدی سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بزوتنەوەکە هۆشداری توندیداوه‌و وتویه‌تى، "دروشمی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، تەنها پەردەیەکەو ئامانجی ڕاستەقینەی لەپشتییەوە، هەڵوەشاندنەوەو تەسفیەکردنی دەزگای فەرمی حەشدی شەعبییە لەعێراق".

بەپەلە