شارپرێس:
ململانێی هێزەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێکی نوێو مەترسیدار بەخۆیەوە دەبینێت؛ لەنێوان تاران کە دەیەوێت لەڕێگەی دۆلاری عێراقو چەکی حزبوڵڵاوە هاوسەنگی جەنگ ڕابگرێتو بەغدا کە دەیەوێت بەداماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان سەروەریی خۆی بسەلمێنێت، ناوچەکە لەبەردەم نەخشەیەکی نوێی سیاسییدایە کاتێک لەباشوری لوبنانیش تارمایی "جەنگی براکان" سەرهەڵدەداتەوە.
ڕاپۆرتێکی تایبەت ئاشکرایدەکات، لەکاتی جەنگی ئەمدواییەی نێوان ئێرانو ئیسرائیلدا، تاران فەرمانی بەحزبوڵڵا کردوە ئاگربەست لەلوبنان ڕەتبکاتەوە بۆ ئەوەی وەک کارتی فشار لەدانوستانەکانی گەروی هورمزدا بەکاریبهێنێت، لەبەرامبەردا، جۆزێف عەون (سەرۆکی لوبنان) ڕاستەوخۆ بەئێرانی ڕاگەیاندوە، "دەستهەڵگرن، ئێوە ناتانەوێت یارمەتیمان بدەن".
پارەکانی عێراق بۆ ئێران
لەکاتێکدا بنکە سەربازییەکانی ئێران لەژێر هێرشدابون، شادەماری دارایی تاران لەبەغداوە تێدەپەڕیی، پاڵپشتییە داراییەکان لەڕێگەی دوو دەروازەی سەرەکییەوە بوە، گواستنەوەی ڕاستەوخۆی پارە لەسنورە وشکانییەکانەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکاندایە، سەرمایەدارێک بڕی 200 ملیۆن دۆلاری لەماوەی جەنگە 12 ڕۆژییەکەی مانگی حوزەیراندا بەخشیوە بەئێرانو دواتر پۆستی لەناو دەوڵەتی عێراقدا وەرگرتوە.
ههروهها پێدانی گرێبەست بەدوو کۆمپانیای گەورەی کارەبا پێش هەڵبژاردنەکانی تشرینی دوەمی 2025 کە لەسەر کاغەز عێراقیبون، بەڵام لەڕاستیدا ڕوکاری کۆمپانیا ئێرانییە سزادراوەکانی وەک کۆمپانیای (مابنا)ی وزەی ئێرانی بون، لێکۆڵینەوەکانیش ئاماژە بەوەدەکات، تەنانەت سەرمایەدارانی سوننەش بەهۆی بەرژەوەندیی سیاسییەوە بەشداربون لەم تۆڕەدا.
عێراق لەژێر مایکرۆسکۆبدا: داماڵینی چەکی میلیشیاکان
حکومەتی نوێی عێراق گەورەترین هەوڵی خۆی لەدوای ساڵی 2003وە دەستپێکردوە بۆ خستنە ژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، سەرەتای پرۆسەکە بەهۆی بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی موقتهدا سهدر بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازیی ڕەوتەکەییو تێکەڵکردنیان لەناو دەوڵەتدا، لایەنەکانی عەسائیبی ئەهلی حەقو کەتائیبی ئیمام عەلی-ش هەمان هەنگاویان نا، چەکدارەکانیش بەشێوازی "تاکەکەسی نەک کۆمەڵەیی" بەسەر دەزگا ئەمنییەکاندا دابەشدەکرێنو فەرمان تەنها لەفەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان وەردەگرن، لیژنەکانیش دەستیان بەگرتنی ئاماری چەکەکان کردوە.
لوبنان: جەنگی براکان... لەنوێوە؟
هەفتەی ڕابردوو لەشارۆچکەی "بێساریە" لەباشوری لوبنان، پێکدادان لەنێوان لایەنگرانی حزبوڵڵاو بزوتنەوەی ئەمەل (دوو گەورەترین پارتی شیعی لوبنان) ڕویدا، هەرچەندە لایەنەکان وتیان کێشەیەکی کەسییە، بەڵام ئەمە مێژوی خویناوی "جەنگی براکان"ی نێوان ساڵانی 1988 بۆ 1990ی بیرهێنایەوە کە تێیدا هەزاران کەس کوژران، ئەم گرژییە لەکاتێکدایە کە نەبی بەری (سەرۆکی پەرلەمانو سەرۆکی ئەمەل) خەریکی دانوستانی ئاگرپەست بوو لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام حزبوڵڵا ڕەشنوسەکەی ڕەتکردەوە.
کەنداوی عەرەبی: دەرکردنی کرێکارانی شیعەی دەرەوەی وڵات
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەکۆتایی مانگی شوباتەوە، دەوڵەتی ئیمارات نزیکەی حهوت ههزارو 500 کرێکاری شیعەی بەڕەگەز پاکستانی لەوڵاتەکەی دەرکردوە، هەرچەندە بەرپرسان دەڵێن، هۆکارەکە پێشێلکاریی یاسای نیشتەجێبونە، بەڵام کرێکارەکان دەڵێن، مۆڵەتی فەرمییان هەبوەو تەنها بەهۆی مەزهەبەکەیانو پشکنینی مۆبایلەکانیان بۆ دۆزینەوەی هەر پەیوەندییەک بەئێرانەوە، دەرکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پاکستان وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لەنێوان واشنتۆنو تاران کاردەکات
