شارپرێس:
سەرمایەداری شاری سلێمانی جەلالی عومەری ساماغا پڕۆژەیەک بە بڕی 115 ملیۆن و 350 هەزار و 200 دینار دەبەخشێتە
نەخۆشخانەی هیوا و ساڵانە داهاتەکەی لە حسابێکی توفیردا بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی
تەندروستی و دەرمانی نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی هیوا بەکاردەهێنرێت و بۆ هەتاهەتایە بەردەوامیی
دەبێت و ساڵانە بڕەکەی زیاتردەبێت.
لە نوسراوێکدا، کە فەرمانگەی وردبینی پارێزگای
سلێمانی ئاراستەی بانکی ئاشتی کردوە، بە ژمارە (952) لە ڕۆژی 5ی 12ی 2021دا، لیژنەیەکی سێ کەسی لە فەرمانگەکە پێکهێنراوە
و ڕەزامەندی داوە لەسەر داوای بەخشەر و دامەزرێنەری پڕۆژەکە، بۆ ئەوەی خاوەندارێتی
ئەو ئەژمارە بانکییە و سەرمایەکەی لە دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی پێشوو وەربگیرێتەوە
و ببەخشرێت بە نەخۆشخانەی هیوا بۆ جێبەجێکردنی (پڕۆژەی بەخشینی جەلالی عومەری
ساماغا بۆ نەخۆشخانەی هیوا).
بەپێی وردەکاریی پڕۆژە نوێیەکە، ئەو ئەژمارە
بانکییە و سوودەکەشی کە ساڵانە دەچێتە سەری، هەتاهەتایە دەمێنێتەوە و ماوەکەی بەسەرناچێت
و هیچ کەس و دەسەڵاتێک بۆی نییە دەستکاریی بکات یان بەشێکی ڕابکێشێت، بە بەخشەر و
نەخۆشخانەی هیواشەوە، جگە لەو ٩٠٪ سوودەی ساڵانە دەدرێتە نەخۆشخانەی هیوا بۆ کڕینی
هەندێک پێداویستی تەندروستی و دەرمان، کە لیژنەیەک لە نەخۆشخانەی هیوا پێک دەهێنرێت
لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و لێپرسراوێکی دارایی و وردبینی نەخۆشخانەکە و مافی ئەوەیان
دەبێت ئەو ٩٠٪ی سوودە لە ئەژمارە بانکییەکە ڕابکێشن، بۆ ئەوەی ئامانجی پڕۆژەکەی پێ
جێبەجێ بکەن، کە کڕینی هەندێک پێداویستی تەندروستی و دەرمانە بۆ نەخۆشخانەکە، بەپێی
ویست و داواکاریی نەخۆشخانەکە.
هیوادارین ئەو پڕۆژەیە ببێتە هەوێنێک بۆ چەندین
پڕۆژەی تری هاوشێوە و کەسانی خێرخواز و سەرمایەدار بێنە ڕیزی هاوکار و پشتیوانانی
نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەکانی تر.
