شارپرێس:
دوای هێرشە سەربازییەکانو لەدەستدانی ژمارەیەک
لەسەرکردە باڵاکانی پێشوى ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران
بهبڕیارێک، ئەحمەد وەحیدی وەک فەرماندەی گشتی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران دەستنیشانکرد،
ئهو هەنگاوەش وەحیدی كردوهته یەکێک لەدیارترینو کاریگەرترین کەسایەتییە سەربازییو
ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی.
سەکردەیەکی دامەزرێنەرو خاوەن مێژویەکی سەربازیی
ئەحمەد وەحیدی کە لەحوزەیرانی 1958 لەشاری شیراز
لەدایکبوە، خاوەنی تۆمارێکی درێژخایەنو پڕ لەئەزمونە لەناوەندە ئەمنییەکاندا، ئەو
لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە یەکێکبوە لەدامەزرێنەرانی یەکەی هەواڵگریی سوپای
پاسدارانو لەساڵی 1988 بوو بەیەکەمین فەرماندەی فەیلەقی قودسی بەرپرس لەچالاکییە
دەرەکییەکان، هەروەها پێشتر پۆستی وەزیری بەرگرییو وەزیری ناوخۆی لەحکومەتە جیاوازەکانی
ئێراندا بەڕێوەبردوە.
ناوی تەواوی بریتیه له(وەحید شاھچێراغی)،
بەڵام بە(ئەحمەد وەحیدی) ناسراوە، پێش شۆڕشى ئیسلامى، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەئەندازیاریی
ئەلیکترۆنیکس بەدەستهێناوە، پاشان ماستەری لەئەندازیاریی پیشەسازییو دکتۆرای لەزانستە
ستراتیژییەکاندا وەرگرتوە.
دەستبەجێ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەساڵی
1979، پەیوەندیی بەسوپای پاسدارانەوە کردوه، لەساڵی 1981 بەهۆی زیرەکییەکەیەوە
کراوه بەجێگری بەرپرسی یەکەی هەواڵگریی سوپای پاسداران، لەساڵی 1988 کاتێک فەیلەقی
قودس (لقی دەرەکیی سوپای پاسداران) بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەدەرەوەی سنورەکان
دامەزرا، وەحیدی وەک یەکەمین فەرماندەی گشتیی فەیلەقەکە دەستنیشانکراو تاساڵی 1998
لەو پۆستەدا مایەوە، ئەو بناغەدانەری تۆڕی بریکارەکانی ئێرانە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەحیدی یەکێکە لەو ئەفسەرە دهگمهنانهى
سوپای پاسداران کە بەقووڵی هاتوەتە ناو کایەی حکومڕانی مەدەنیو سیاسییەوە، وەزیری
بەرگریی بوه له(2009 تاوهكو 2013)، لەخولی دوەمی سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدی نهژاد
كرا بەوەزیری بەرگریی ئێران، لەم قۆناغەدا پەرەپێدانی پیشەسازیی موشەکیو درۆنی ئێران
گەشەکردنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بۆ ماوەیەک سەرۆکایەتی (زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی
باڵا)ی ئێرانی کردوە، لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردوى ئێرانهوه،
وەک وەزیری ناوخۆ دەستنیشانکرا، لەم ماوەیەدا سەرپەرشتی دۆسیەی ئەمنی ناوخۆییو هێزەکانی
جێبەجێکردنی یاسای کرد، بەتایبەت لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022ی دوای گیانلەدەستدانی
مەهسا ئەمینی کە بەهۆیەوە لەلایەن ڕۆژئاواوە سزادرا، لەساڵی 2022وە ئەندامی هەمیشەیی
ئەم ئەنجومەنە باڵایەیە کە بڕیار لەکێشە ستراتیژییەکانی نێوان پەرلەمانو ئەنجومەنی
پاراستنی دەستور دەدات.
داواکراوی ئینتەرپۆل (تەقینەوەی ئامیا)
ئەحمەد وەحیدی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوێکی
جێی مشتومڕە، لەساڵی 2007وە هێڵی سوری ئینتەرپۆلی لەسەرە بەهۆی تۆمەتبارکردنی لەلایەن
دادگاکانی ئەرژەنتینەوە بەتێوەگلان لەتەقینەوەی ناوەندی جولەکەکانی "ئامیا"
لەبۆینس ئایرس لەساڵی 1994 کە بوە هۆی کوژرانی 85 کەس.
هاوكات لەلایەن ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپاو کەنەداوە
بەهۆی تێوەگلان لەدۆسیەی تیرۆر، پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیو سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە
ناوخۆییەکان خراوەتە لیستی ڕەشی سزاکانەوە.
پێگەی ئێستای لەدوای شەڕی 2026
دوای هێرشە سەربازییەکانی واشنتۆنو تەلئەبیب
بۆسەر ئێران لەسەرەتای ئهمساڵو کوژرانی سەرکردە باڵاکانی وەک حسێن سەلامیو محەمەد
پاكپور، وەحیدی لە 1ی ئاداری 2026 بوو بەفەرماندەی گشتیی نوێی سوپای پاسداران.
ڕوانگەی میدیای ئیسرائیلی: پیاوی یەکەمو بڕیاردەری
سەرەکی
بهگوێرهى ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمدواییەی
میدیاکانی ئیسرائیل، بەهۆی تێکچونی دۆخی تەندروستی یاخود دورکەوتنەوەی سەرکردایەتی
سیاسیی (موجتەبا خامنەیی)، ئێستا ئەحمەد وەحیدی لەپشت پەردەوە پیاوی یەکەمو بڕیاردەری
ڕەهای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانو هێڵی گشتیی ئێرانەو ڕێگرە لەهەرجۆرە سازش یان ڕێککەوتنێک
لەگەڵ ئەمریکادا.
توندبونی گرژییەکانو بنبەستی ڕێککەوتنی ئەمریکاو
ئێران
ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی ئیسرائیل جەخت لەوەدەکەنەوە،
هۆکاری سەرەکی بەردەوامی تهواوى گرژییەکانی ناوچەکەو نەگەیشتن بەهیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان
واشنتۆنو تاران، بۆ شێوازی بیرکردنەوەی توندو دژایەتییە بەردەوامەکانی وەحیدی دەگەڕێتەوە،
ئەو بەتەواوی ڕەتیدەکاتەوە هیچ سازشێک لەبەردەم فشارەکانی ڕۆژئاوادا بکات، ئەمەش
وایکردوە کە ئاسۆی دیپلۆماسی لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا زیاتر ئاڵۆزبێت.
