پاک: سوپای ئێران فۆسفۆری سپی لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە

کوردستان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 596 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی ئازادی کوردستان سوپای پاسدارانی ئێران بەبەکارهێنانی فۆسفۆری سپی قەدەغەکراو لەهێرشەکانی ئەمڕۆی سەر بارەگاکانی لەهەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات و داوا لەنەتەوە یەکگرتوەکان و هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا هەڵوێستیان هەبێت.

پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشە درۆنییەکەی بەرەبەیانی  ئەمڕۆ بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی سپای میللیی کوردستان، تەقەمەنی تێکەڵ بە فۆسفۆری سپیی بەکار هێناوە ".

ئەوەشیخستەڕوو، بەپێی بینین و پشکنینی حاڵەتی نۆ پێشمەرگەی برینداری ئەم هێرشە و ئاگری بەرفراوانی ژینگە و  شوێنی بە ئامانج‌ گیراو، ئەو تەقەمەنییەی کە لەو هێرشەدا بەکارهاتوە، فۆسفۆری سپیی تێدا بوە.

پارتی ئازادی کوردستان دەڵێت،" ئەم پەلامارە تەنها تاوانێک نییە، بەڵکوو پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤیی لە کاتی شەڕدایە. بەکارهێنانی ئەو تەقەمەنییانەی کە سوتاندنی مرۆڤ و ژینگەی لێدەکەوێتەوە، لەگەڵ بنەماکانی مرۆڤایەتی و پابەندبونی نێودەوڵەتیی دەوڵەتان ناتەبایە ".

پارتی ئازادی کوردستان راشیدەگەیەنێت،" کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی نابێ ئەم تاوانە بێوەڵام بێڵێتەوە، داوا لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەنجومەنی ئاسایش، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سور و هەموو دەزگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییە پێوەندییدارەکان دەکەین هەنگاوی یاسایی پێویست بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبگرن".

پارتی ئازادی کوردستان داوا لەهەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاسایش و مافەکانی هاوڵاتیان و ژینگەی خۆیان بەرگریی لە  دەستدرێژی و هێرشە سەربازییەکانی ئێران بکەن.

لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" بێدەنگی لە ئاست بەکارهێنانی چەکە قەدەغەکراوەکان، ڕێگا بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانە مەترسیدارانە خۆشدەکات. پاراستنی کرامەتی مرۆڤ و ئاسایشی مەدەنییەکان و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتیی، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو دەوڵەتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانە ".