شارپرێس:
بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاند کە ئەمریکا دەستی کردوە بەناردنی فڕۆکەی جەنگیی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەرامبەردا دەزگا ئەمنییەكانی ئیسرائیل ئاشكرایانكردوە، سەركردەكانی ئێران ئامادەكاری بۆ هێرشێكی كوشندە دەكەن.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لەزاری بەرپرسانەوە بڵاویكردەوە کە هێزە زیادکراوەکان پێکهاتون لە ناردنی فڕۆکەی جەنگی لەجۆری "F-16"ی سەر بەهێزە ئاسمانییەکان لەئەڵمانیاوەو فڕۆکەی جەنگیی نەهێنی (شبح) لەجۆری "F-35" لەبەریتانیاوە، جگە لەناردنی فڕۆکەی سوتەمەنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردوە کە فەرمانی ناردنی ئەم هێزە ئاسمانییە زیادکراوانە پێش هێرشەکەی ڕۆژی هەینی ئێران دەرچوە، کە بوە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی و بێسەروشوێنبونی یەکێکی دیکە لەئوردن.
هاوكات، بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندوە کە چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل فڕۆکەی زیاتری سوتەمەنی ئەمریکی دەستبکەوێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریكاو ئێران هێرشەکانیان چڕکردوەتەوە و پێش فرەوانبوونی ئەگەریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
هەروەها دەزگا هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل ئاشكرایانكردوە، پێشبینی دەکرێت سەرکردایەتی ئێران لەچەند کاتژمێری داهاتودا فەرمانی ئەنجامدانی هێرشێکی موشەکیی بالیستی بۆ سەر ئیسرائیل دەربکات.
بەگوێرەی ماڵپەڕی "واڵا"ی عیبری، سوپای ئیسرائیل لەنزیکەوە چاودێری جوڵە سەربازییەکانی ناوخۆی ئێران دەکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ 4 موشەک ئاراستەی شاری عەقەبەی ئوردنی کران و هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەرێگەی سیستەمی "قوبەی ئاسنین"ەوە هەوڵی بەرپەرچدانەوەی پاشماوەی موشەکەکانیدا بۆ ئەوەی نەکەونە ناو خاکی ئیسرائیلەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەئوردن داوای لەهاوڵاتییانی کردوە، خۆیان لەچون بەرەو فڕۆکەخانەو بەندەری عەقەبە بەدور بگرن، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئوردن ڕایانگەیاندوە هیچ مەترسییەکی پشتڕاستکراوە نییە کە پێویست بەچۆڵکردنی دامەزراوەکانی ئەو شارە بکات.
