شارپرێس:
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاریدا بەنادەستوریى ناساندنى بڕگەیەکی یاسایی لەیەکەم هەموارکردنەوەی یاسای دەزگای شەهیدان (ژمارە 2ی ساڵی 2016)، بەهۆی دژایەتیکردنی لەگەڵ دەستوری کۆماری عێراقی ساڵی 2005.
دادگای فیدراڵی لەبەیاننامەیەکدا ڕونیکردوەتەوە، دانیشتنەکە بەسەرۆکایەتی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێنو بەئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی دادگاکە بەڕێوەچوه، لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە کرا کە لەلایەن سەرۆکی دەزگای شەهیدانەوە دژ بەسەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکرابوو، تێیدا داواكرابوو بەشی دوەمی بەندی (دوەم) لەمادەی (3)ی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2024 بهنادەستوریی بناسرێت، کە تایبەته بەبەدەرکردنی خێزانی شەهیدانو بریندارانی زیاندمەند لەئەنجامی کارە سەربازییەکان، هەڵە سەربازییەکانو کردەوە تیرۆریستییەکان.
دادگا ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای وردبینیو ڕاوێژکردن، دەرکەوتوە کە ئەو دەقە یاساییە سەرپێچی لەمادەکانی (47و 80)ی دەستوری عێراق کردوە، بۆیە بڕیاری پوچەڵکردنەوەی درا لەو ڕۆژەوەی کە یاساکە لەڕۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی عێراقی" بڵاوکراوەتەوە، ئەم بڕیارەش بەکۆدەنگی سەرجەم دادوەران دەرچوەو بڕیارێکی کۆتاییو پابەندکەرە بۆ هەمولایەک.
مادەکە لەدەقی هەموارکردنەکەدا دەڵێت، سەرجەم خێزانی شەهیدانو برینداران مافی سودمەندبونیان لەئیمتیازەکان هەیە، بەڵام لەبەشی دوەمی بەندەکەدا هاتوە، جگە لە(وانە بەدەردەکرێن) خێزانی ئەو شەهیدو بریندارانەی کە بەهۆی کارەساتە جەنگییەکانو هەڵە سەربازییەکانو کردەوە تیرۆریستییەکانەوە زیانیان بەرکەوتوەو یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009 دەیانگرێتەوە، واته جگە لەزەوی، یان پارەو موچە زیادە بۆ خێزانی شەهیدان لەیاسا نوێیەکەدا بڕابوەوە، نەدەدرا بەو خێزانانەی کە کەسوکاریان لەکردەوە تیرۆریستییەکان یان بەهۆی هەڵەی سوپاوە شەهید ببون.
یاساکە وابەستەکرابوو بەوەی کە خێزانی شەهیدانی شەڕ (بۆ نمونە شەڕی دژ بەداعش) ئیمتیازی زۆر گەورەو نوێ وەربگرن، بەڵام لەو دێڕەدا هاتبوو، "جگە لەشەهیدانی دەستی تیرۆر"؛ واتە دەیانوت ئەم مافە نوێیانە شەهیدانی تەقینەوەکانو مەدەنی ناگرێتەوەو ئەوان تەنها دەبێت لەسەر یاسا کۆنەکەی ساڵی 2009 بمێننەوە".
لهوبارهیهوه دادگای فیدراڵی ڕێک ئەو وشانەی بە"نادادپەروەرییو جیاکاریی ناڕەوا" دانا، چونکە نەدەبوو جیاوازیی لەنێوان خوێنی شەهیداندا بکرێت، بەپوچەڵکردنەوەی ئەو دێڕە ("جگە لە")، ئێستا هەموو جۆرە خێزانە شەهیدێک (چ ئەوانەی لەشەڕدا کوژراون، یان ئەوانەی لەتەقینەوەی تیرۆریستیدا بونەتە قوربانی) بەیەکسانی سەرجەم مافو ئیمتیازە نوێیەکان دەیانگرێتەوە.