شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵا لەبەغدا ئاشكرایكرد، بەفەرمانی ڕاستەوخۆو فەرمیی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاردرا بەسپاردنی پێگەی وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی عێراق بەفەرماندەی دیاری سەربازیی لیوا یەحیا ڕەسوڵ عەبدوڵڵا.
بهگوێرهى وتهى سهرچاوه ئاگادارهكان، ئەم بڕیارە وەک بەشێک لەپلانی نوێی حکومەتەکەی زەیدیی دێت بۆ ڕێکخستنەوەی گوتاری میدیاییو سەربازیی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق لەم قۆناغەدا.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ یەکێکە لەناسراوترینو شارەزاترین ئەفسەرەکانی عێراق لەبواری میدیای سەربازیدا، پێشتریش وەک وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانو وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کاریکردوە.
ناوبراو ڕۆڵێکی سەرەکیو دیاری هەبوه لەگەیاندنی زانیارییەکانو بەڕێوەبردنی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان لەکاتی شەڕەکانی ڕزگارکردنی موسڵو ناوچەکانی دیکەی عێراق لەدەستی داعش، کە بەهۆیەوە متمانەیەکی زۆری لەناوەندە میدیاییە ناوخۆییو نێودەوڵەتییەکاندا بەدەستهێناوه.
بەهۆی شێوازی پاراوو هێمنانەی لەکاتی گەیاندنی بەیاننامە سەربازییەکانو وەڵامدانەوەی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان، هەمیشە وەک لێهاتوترین کارەکتەری گوتاری فەرمیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەیردەکرێت.
سپاردنی ئەم پۆستە نوێیە بەلیوا یەحیا ڕەسوڵ لەوەزارەتی بەرگریی، ئاماژەیە بۆ خواستی بەغدا لەبەهێزکردنی پێگەی ڕاگەیاندنی فەرمی لەکاتی پەرەسەندنی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکەو سەر سنورەکاندا.