سەردانەکەی زەیدیی بۆ تورکیا و کۆتاییهێنان بە پرسی پەکەکە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 866 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گۆنول تۆڵ، بەرپرسی دۆسیەی تورکیا لە ناوەندى لێکۆڵینەوەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایدەگەیەنێت، سەردانی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بۆ تورکیا و چاوپێکەوتنەکانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (MİT) لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و سەرکردەکانى کورد، ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە چوەتە قۆناغێکی نوێوە.


گۆنول تۆڵ ئاماژەی بە جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەى نێوان ئەنقەرە، بەغدا و سەرکردەکانی کورد کرد و وتی، سەردانی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بۆ تورکیا، تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (MİT) لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و لە هەولێر و سلێمانی لەگەڵ سەرکردەکانى کورد کۆبوەوە، نیشانەی خێراتربونی هەوڵەکانی تورکیایە بۆ ڕازیکرنى پەکەکە بە دانانی چەکەکانیەتی.

بە وتەی تۆڵ، یەکێک لە گرنگترین داواکارییەکانی پەکەکە لەم پرۆسەیەدا، بابەتی لێبوردنی هەزاران ئەندامی ئەم پارتەیە کە لە زیندانەکانی تورکیا، هەرێمی عێراق و هەندێک وڵاتی ئەوروپادان.
ئەو پێی وایە ئەم بابەتە، کە یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی، ئێستا لە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەرێکدایە و ئەگەری هەیە لە هەفتەکانی داهاتوودا بڕیاری لەسەر بدرێت.

ئەم شارەزایەی کاروباری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە هاتوچۆی ئەم دواییەى بەرپرسانی تورکیا، حکوومەتی عێراق و ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان، نیشانى دەدات گفتوگۆکان تەنها لەسەر ئاستی ئاساییشی نەماونەتەوە، بەڵکو لایەنە سیاسی و یاساییەکانی داهاتووی پ.ک.ک-ەش بە شێوەیەکی جدی دەخرێنە بەر باس.

بە بۆچوونی تۆڵ، ئەنقەرە هەوڵ دەدات بە دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسی، زەمینەی کۆتاییهێنان بە چالاکی چەکداری پەکەکە ئامادە بکات؛ ئەو پرسەش پێویستی بە هاوئاهەنگی نێوان تورکیا، حکومەتی ناوەندی عێراق، هەرێمی کوردستان و ئەو لایەنانەی ئەوروپا هەیە کە پەیوەندییان بە دۆسێی ئەندامانی پەکەکەوە هەیە.