ئەنجامی سەردانەكەی زەیدیی بۆ توركیاو ڕێككەوتنەكان ئاشكرادەكرێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 818 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای سەردانەكەی عەلی زەیدیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق  بۆ توركیاو كۆبونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هەردولا كۆبونەوەكانیان بە بەرهەمدار وەسف كردو زەیدی ڕایگەیاند، دۆسیەی ئاو و وەبەرهێنان و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان باسكراوە، لەبەرامبەردا ئەردۆغانیش جەختی كردەوە، كە پێویستیان بە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتەو عێراق دەتوانێت بۆیان دابین بكات.


نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە زەیدیی و ئەردۆغان سەرپەرشتیی گفتوگۆ هاوبەش و فراوانەکانیان لەکۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا لەئەنقەرە کردوەو هەردولا باسیان لەچۆنیەتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان کرد، لەگەڵ دۆسیەکانی پەیوەست بەکەرتی نەوت، ئاو، وزە، ئاسایش، بازرگانی، گواستنەوە و پەروەردە، بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش و گەشەپێدانی پڕۆژەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا."

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هەردولا رێککەوتون لەسەر رێکخستنی کۆبونەوەکانی لیژنەی هەمیشەیی تایبەت بەدۆسیەی ئاو، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لەگەشەپێدانی هاوکاریی دولایەنە لەم بوارەدا.

زەیدیی جەختی لەوە کردوەتەوە کە عێراق و تورکیا هاوبەشن لەڕوی جوگرافی و شارستانییەوە و، حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات هاوبەشییەکی ئابوریی کاریگەر بنیات بنێت".
زەیدیی، پێشوەچونی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبون لەجێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان نیشانداو ئارەزوی بەغدای خستەڕوو بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان لەپڕۆژە وەبەرهێنانەکانی ناو عێراقدا.

لەبەرامبەردا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەگەشەسەندنی ئیرادەی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوەو، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لەکەرتی فڕۆکەوانی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان ڕاگەیاند، هاوشان لەگەڵ هاندانی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لەکەرتە جیاوازەکانی گەشەپێدان لەناو عێراقدا.

ڕاشیگەیاند،" بەعەلی فالح زەیدیی دەڵێم بەخێر بێن، ئەم سەردانە لەکاتێکی سەختدایە و تورکیا ئامادەیە لەهەموو بوارەکاندا پشتگیریی عێراق بکات".

سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی،"پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بۆ گەیاندنی کەنداو بەجیهان لەهەموو کاتێک گرنگترە و لەبارەی دۆسیەی نەوتیشەوە ئەردۆغان وتویەتی، ڕێککەوتنی بۆریی نەوت دوێنێ کۆتایی هات و دەیانەوێت هاوبەشییەکی ستراتیژیی نوێ بۆ وزە واژۆ بکەن و باسی لەوەشكرد، تورکیا پێویستی بەیەک ملیۆن بەرمیل نەوتەو عێراق دەتوانێت ئەو بڕەمان بۆ دابین بکات".

ئەردۆغان ئەوەشی ئاشكراكرد، كەتورکیا بوە هاوبەش لەپڕۆژەی کێڵگەی نەوتی کەرکوکدا، دوای ئەوەی %15ی پشکەکانی لەکۆمپانیای BPـی بەریتانی کڕییوە.