شارپرێس:
ڕەنگە هەست بەهیچ ئازارێک نەکەیتو ژیانی ڕۆژانەت تەواو ئاسایی دیاربێت، بەڵام دەکرێت جگەر بەهۆی ئەو خوهى کە ههموو ڕۆژێک دوبارە دەبنەوە، بەرەبەرە توشی زیان ببێت، ئەم ئەندامە زیندوە بەردەوام کاردەکات لەسەر چارەسەرکردنی مادە خۆراکییەکانو مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مادە جیاوازانەی کە دەچنە ناو لەشەوە، لەگەڵ کۆبونەوەی هەندێک هۆکاری وەک کێشی زیادە، سستمی خۆراکی ناتەندروستو کەمیی چالاکیی جەستەیی، ڕەنگە کۆبونەوەی چەوری لەناو جگەردا دەستپێبکات، ئەمەش کێشەیەکە کە لای هەندێک کەس دەکرێت گەشە بکات بۆ هەوکردن، برینداربون (پەڵە)و تەمەڵی جگەر (تەواو تێکچون)، مەترسیدارترین شت ئەوەیە کە نەخۆشییەکانی جگەر ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێدەنگیو بەبێ هیچ نیشانەیەکی دیار بمێننەوە.
ئەو خوه ڕۆژانەیانە چین کە دهبێت بزانینو تائێستا نهمانزانیون؟ ئێمه بۆتان دهخهینهڕوو:
1ـ زیادەڕویکردن لەخواردنی حەبی ئازارشکێن
لەکاتی سەرئێشە، ئازاری دان یان ماسولکەکاندا، ڕەنگە هەندێک کەس بەشێوەیەکی بەردەوامو بەبێ ڕاوێژکردن بەپزیشک پەنا ببەنەبەر ئازارشکێنەکان، کێشەکە لەبەکارهێنانی دەرمانەکەدا نییە لەکاتی پێویستداو بەژەمە (ژمارە) دروستەکان، بەڵکو لەبەکارهێنانی هەڕەمەکی، یان تێپەڕاندنی ئەو ژەمەیە کە پێشنیازکراوە، یان کۆکردنەوەی چەند دەرمانێکە کە هەمان مادەی چالاکیان تێدایە.
ئینستیتیوتە نیشتمانییەکانی تەندروستی لەئەمریکا ئاماژە بەگرنگیی ڕاوێژکردن بەپزیشک دەکەن لەبارەی ئەو دەرمانانەی کە پێویستیان بەڕەچەتە نییە، لەوانەش ئازارشکێنەکان، بەتایبەتی لای ئەوکەسانەی کە نەخۆشیی جگەریان هەیە، دەرمانەکە تەنها لەبەرئەوەی بەبێ ڕەچەتە دەستدەکەوێت زیانبەخش نییە، بەڵکو بڕی ژەمو شێوازی بەکارهێنانەکەی زۆر گرنگن.
2ـ خواردنەوە شیرینکراوەکان.. عادەتێک کە بێتاوان دیارە
خواردنەوە گازییەکان، شەربەتە شیرینکراوەکان، خواردنەوەکانی وزەو چا یان قاوە کە بڕێکی زۆر شەکریان تێدەکرێت، ڕەنگە بڕێکی زۆر لەشەکرو کالۆری زیاد بکەنەسەر سستمی خۆراکیی.
بۆ جگەر، زیادەڕویکردن لەشەکرە سادەکاندا، بەتایبەتی (فرۆکتۆز) کە لەزۆرێک لەخواردنەوە شیرینکراوەکاندا هەیە، بەستراوەتەوە بەزیادبونی مەترسیی کۆبونەوەی چەوری لەسەر جگەر، ڕێکخراوی NIDDK پێشنیازی کەمکردنەوەی ئەو خۆراکو خواردنەوانە دەکات کە بڕێکی زۆر لەشەکرە سادەکانیان تێدایە، کێشەکە لەپەرداخێکی ناوبەناو یان بهڕێكهوتدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە خواردنەوەی شیرینکراو ببێتە عادەتێکی ڕۆژانە.
3ـ بەردەوام خواردنی خۆراکی چەورو لەقوتونراو
خواردنە خێراکان (Fast food)، سورەکراوەکان، گۆشتی لەقوتونراو، شیرینیو ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بەچەوریو کالۆری، کاتێک بەزۆری دوبارە دەبنەوە دەبنە بارگرانیی، ڕێنماییە خۆراکییەکان ئاماژە بەگرنگیی کەمکردنەوەی چەورییە ناتەندروستەکان، شەکرەکانو ئەو خۆراکانە دەکەن کە چڕیی وزەیان بەرزە، لەبەرامبەردا زیادکردنی سەوزە، میوە، دانەوێڵە تەواوەکان، پاقلەمەنییەکانو چەرەسات لەناو سیستمێکی هاوسەنگدا، لەگەڵ کاتدا، ئەمشێوازە ڕەنگە بەشداربێت لەزیادبونی کێشو تێکچونی میتابۆلیزم (سوتانی خۆراک)، کە ئەمانەش دوو هۆکارن بەستراونەتەوە بەنەخۆشیی چەوریی جگەرەوە.
4ـ دانیشتن بۆ کاتژمێری درێژو کەمیی جوڵە
لەئۆفیسەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلو لەئۆتۆمبێلەوە بۆ ماڵەوە، ڕەنگە ڕۆژەکە بەبێ چالاکییەکی جەستەیی پێویست تێپەڕێت، کەمیی جوڵە تەنها کاریگەریی لەسەر لەشڕێکی نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بەزیادبونی کێشو تێکچونی میتابۆلیزم کە ئەوانیش لای خۆیانەوە دەکرێت کاریگەریی کێش بۆسەر تەندروستیی جگەر دروستبکەن، ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی، کەمیی چالاکیی جەستەیی، سستمی خۆراکی ناتەندروستو زیادبونی کێش دەخاتە خانەی هۆکارە مەترسیدارە گرنگەکان بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان، ئەوەی داواکراوە ئەوەنییە کە ببیتە وەرزشەوانێکی پرۆفیشناڵ؛ گرنگ ئەوەیە دانیشتن نەبێتە چالاکیی سەرەکی لەڕۆژەکەتدا.
5ـ زیادبونی کێش.. جگەر باجەکەی دەدات
چەوریی زیادە لەلەشدا، بەتایبەتی لەگەڵ قەڵەویدا، تەنها کێشەیەکی ڕواڵەتی یان شێوەیی نییە، چونکە زیادبونی کێشو قەڵەوی بەستراونەتەوە بەبەرزبونی ئەگەری توشبون بەچەوریی جگەرو ڕەنگە نەخۆشییەکە لای هەندێک کەس گەشە بکات بۆ هەوکردن، تێکچونی شانەکانو لێکەوتەی مەترسیدارتر، هەروەها دابەزاندنی کێش بەشێوازێکی تەندروست لای ئەوکەسانەی کە بەدەست چەوریی جگەرەوە دەناڵێنن، دەکرێت یارمەتیدەربێت لەکەمکردنەوەی چەوری، هەوکردنو برینداربوونی ناو جگەردا، لهبەرئەمەشە کە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشدا تەنها ئامانجێکی جوانکاری نییە، بەڵکو بەشێکە لەپاراستنی تەندروستی لەسەر مەودای درێژ.
6ـ جگەرەکێشان دورنییە لەتەندروستیی جگەرەوە
کاتێک باس لەزیانەکانی جگەرەکێشان دەکەین، زۆربەی کات دڵو سییەکان دێنە بەرباس، بەڵام جگەرەکێشان بۆ هیچ ئەندامێکی لەش خویهكى تەندروست نییە، ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی جهختدهكاتهوه، توتن هۆکارێکی سەرەکیی مەترسییە بۆ نەخۆشییە نەگوازراوەکانو جگەرەکێشان لەش ڕوبەڕوی هەزاران مادەی کیمیایی زیانبەخش دەکاتەوە، بۆیە پاراستنی جگەر تەنها لەخۆراکەوە دەستپێناکات؛ وازهێنان لەجگەرەکێشانیش بەشێکە لەوێنە تەندروستییە گشتییەکە.
7ـ کحول.. هۆکارێکی زیادە کە دەکرێت زیانەکە دوو هێندە بکات
بەکارهێنانی کحول بەبڕی زۆر یان بۆ ماوەی درێژ، یەکێکە لەدیارترین هۆکارەکانی نەخۆشییەکانی جگەری بەستراوە بەکحولەوەو دەکرێت ببێتە هۆی تێکچونی جگەرو تەمەڵبونی، هەروەها هەبونی چەوریی جگەر یان نەخۆشێکی جگەر، دورکەوتنەوە لەکحول زیاتر گرنگ دەکات، چونکە دەکرێت زیانەکە زیادبکات، مەترسیدارترین شت ئەوەیە کە جگەر لەسەرەتادا سکاڵا ناکاتو كهسهكه ههست بههیچ ئازارێك ناكات.
یەکێک لەهۆکارەکانی مەترسیی هەندێک لەنەخۆشییەکانی جگەر ئەوەیە کە دەکرێت بەبێ نیشانەی دیار لەقۆناغە سەرەتاییەکاندا گەشە بکەن، لەقۆناغە پێشکەوتوەکانی تەمەڵبوونی جگەردا، ڕەنگە نیشانەی وەک زەردبونی پێست یان سپێنەی چاوەکان، هەڵاوسانی سک، گۆڕانی ڕەنگی میز یان خورانی توند دەربکەون، بۆیە چاوەڕێی دەرکەوتنی نیشانەکان مەکە تاوەکو دەستبکەیت بەگرنگیدان بەتەندروستیی جگەر.
چۆن جگەرت دەپارێزیت؟
پێویستت بە"دیتۆکس"ی سەیر یان خواردنەوەیەکی جادویی نییە بۆ پاککردنەوەی جگەر، گرنگترین شت گەڕانەوەیە بۆ بنچینەکان ئهوانیش:
• پاراستنی کێشێکی تەندروست.
• کەمکردنەوەی خواردنەوە شیرینکراوەکانو شەکرەکان.
• سنوردارکردنی خواردنه سورەکراوەکانو ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بەچەورییو ئەو بەرهەمانەی پێواژۆکراون (لەقوتونراون).
• ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی بەبەردەوامی.
• نەخواردنی دەرمان یان تەواکەرە خۆراکییەکان بەشێوەی هەڕەمەکی.
• دورکەوتنەوە لەجگەرەکێشان.
• دورکەوتنەوە لەکحول.
• سەردانیکردنی پزیشک لەکاتی هەبونی هۆکارەکانی مەترسی یان دەرچونی ئەنجامی ناتەندروست لەپشکنینەکانی جگەردا.
