شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، حکومەتی سوریاو تیمی سەرۆکایەتییەکەی وەک بەرپرسیاری سەرەکیی تێکچونی دۆخەکە تۆمەتبار دەکاتو ڕایگەیاند؛ بەهۆی هێرشی عەرەبە نیشتەجێکراوەکان بۆسەر کاروانی یەکەم، پرۆسەی بەڕێکەوتنی کاروانی دوەمی کۆچبەرانی کورد بەرەو شارەکەیان ڕاگرتوە تائەوکاتەی، دەوڵەت، ئاسایشو مافی یاسایی گەڕاوەکان مسۆگەردەکات.
دوای ئەوەی یەکەم کاروانی کۆچبەرانی سەرێکانى بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ شارەکەی خۆیان کە لەساڵی 2019وە لێی دەرکراون بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوت، عەرەبە ڕەگەزپەرستەکان هێرشیانکردەسەر کوردان.
گەڕانەوەی کوردان بۆ سەرێکانی لەکاتێکدایه، کە پێشتریش هەندێک گروپی چەکدار لەناوچەکەدا هەڕەشەیان لەکوردان کردبوو؛ بهگوێرهى ئەو ڕاگەیەندراوانەش کە لەوکاتەدا بڵاوکرابونەوە، وتبویان، کورد ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، تهنانهت لەهەندێک لەو هەڕەشانەدا، باسی کوشتنی کوردانو ڕێگریکردن لەگەڕانەوەیان دەکرا.
ئەم هەڕەشەو گوتارە توندانە، لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بونەتە هۆی نیگەرانییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی ئەوکەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
لەژێر ئەم بارودۆخەدا، دوای چەندین ساڵ لەدەرکردنو ئاوارەیی، دوێنێ یەکەم کاروانی کۆچبەرانی سەرێکانی کە لە 410 خێزان پێکهاتبون، بەرەو شارەکەی خۆیان بەڕێکەوتن، بەڵام لەکاتی گهیشتنهوهیان لهدهروازهى شارهكه، هێرشکرایەسەر خێزانه ئاوارهكان.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی لەلایەن کۆچبەرانو کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانیهوه بهشارپرێس دراون، هەندێک لەوکەسانەی کە لەناوچەکەدا نیشتەجێکراون، هێرشهكهیان ئهنجامداوهو ڕێگریی لەگەڕانەوەی چەندین خێزان کراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردوه، ئەم هێرشانە تەنها دژی کەس یان خێزانێکی دیاریکراو نین، بەڵکو ئامانجیان ڕێگریکردنە لەگەڕانەوەی کوردان بۆسەر خاکو ماڵو حاڵی خۆیان.
ههر لهو ڕاگەیەندراوهدا جهختكراوهتهوه، ئەم کارانە دەتوانن کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پرۆسەی گەڕانەوەی کۆچبەرانو ئاسایشیان دروستبکەن.
ئهوهش هاتوه، "بەهۆی ئەو هێرشانەی کرانەسەر کۆچبەرانی ناو کاروانی یەکەم، بەڕێکەوتنی کاروانی دوەم بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەرێکانی ڕاگیراوە".
کۆمیتەکە لەڕاگەیەندراوەکەیدا داوایکردوه، ئەوکەسانەی بەشدارییان لەهێرشەکاندا کردوە سزابدرێنو لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیو ڕون لەسەر ڕوداوەکە دەستپێبکاتو ئەو کەسو خێزانانەی لەدەرەوەی ناوچەکەوە هێنراونو نیشتەجێکراون، دەبێت لەخانوو و زەوییەکانی کۆچبەرانی سەرێکانی بچنە دەرەوە، بۆ ئەوەی مەرجەکانی گەڕانەوەیەکی ئارامو بەڕێزهوه بۆ دانیشتوانی ڕەسەن فەراهەمبکرێت.
ههر لهو ڕاگهیهنراوهیدا، کۆمیتەکە حکومەتی سوریاو تیمی سەرۆکایەتیی وەک بەرپرسیار لەم دۆخە نیشاندهداتو دهڵێت، "دەبێت دەوڵەت پێش بەردەوامبونی پرۆسەی گەڕانەوە، ئاسایشی کۆچبەرانو پاراستنی مافەکانیان مسۆگەربکات".
گەڕانەوەی کۆچبەرانی سەرێکانی بۆسەر خاکو ماڵو حاڵی خۆیان، دوای چەندین ساڵ لەدەرکردنو ئاوارەیی، وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت، بەڵام هەڕەشەکانی پێشوو و ڕوداوەکانی ئەمدواییەش نیشانیدەدەن، بهبێ چارەسەرکردنی کێشەی ئاسایش، دەرکردنی ئەو کەسو خێزانانەی نیشتەجێکراونو دابینکردنی گەرەنتیی فەرمی بۆ پاراستنی ماڵو موڵکی کۆچبەران، پرۆسەی گەڕانەوە دەکرێت ڕوبەڕوی ڕێگریی گەورە ببێتەوە.
کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی داوادەکات، گەڕانەوەی کۆچبەران تەنها لەڕێگەی کاروانەکانەوە نەبێت، بەڵکو لەچوارچێوەی گەڕانەوەیەکی ئارامدابێت، بەگەرەنتیی یاساییو گەڕاندنەوەی مافی خاوەندارێتیی خاکو ماڵو ژیانیان.
