شارپرێس:
ئاشکرابونی دۆسیەی درانی مافو ئیمتیازاتی دارایی بەچەکداره كوژراوهكانى داعش لەژێر ناوی (شەهید)، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتیو نیگەرانی لەسەر ئاستی میدیاییو کۆمەڵایەتی لەعێراق لێکەوتوەتەوە، بهگوێرهى زانیارییەکان، 27 ههزار تیرۆریستى كوژراوى داعش لەلایەن دەزگای شەهیدانی عێراقەوە وەک شەهید ناسێندراونو موچەو تەواوی ئیمتیازاتەکانى شههیدانه بهكهسوكارهكانیان دهدرێت.
دەستەی دەستپاکی عێراق پشتڕاستیکردوەتەوە کە سەدان ناوی چەکدارانی داعشیان ئاشکراکردوە کە بەشێوازی نایاسایی کراونەتە شەهید.
دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم پرۆسەیە لەڕێگەی دەستێوەردانو پشتیوانی ڕاستەوخۆی هەندێک لەپەرلەمانتارو کەسایەتییە سیاسییەکانەوە ئەنجامدراوە، ئەمەش گومانەکان لەسەر دزەکردنی هەژمونی تیرۆر بۆ ناو جومگە کارگێڕییو سیاسییەکانی دەوڵەت قوڵتر دەکاتەوە.
بەڵگەنامەکە کە بڕیارێکی فەرمی لیژنەی چاوخشاندنەوەی سەر بەدەزگای شەهیدانی عێراقەو لەڕۆژى 29ی کانونی یەکەمی 2025 دەرچوە، ئاشکرایدەکات، کەسێک بەناوی (محەمەد مەحمود عەبدوڵڵا سەلبی جومهیلى) لەساڵی 2018وە لەپارێزگای ئەنبار وەک (شەهید) تۆمارکراوە؛ بەڵام دوای بەدواداچونی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیو هەواڵگریی عێراق، دەرکەوتوە کە ناوبراو "یەکێکبوە لەچەکدارانی داعشی تیرۆریستو لەساڵی 2014 لەشەڕەکانی ڕزگارکردندا، بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە."
ئەم ئاشکرابونە هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق، کە جەختدەکەنەوە، هەزاران ناوی هاوشێوەی چەکدارانی داعشیان دۆزیوەتەوە کە بەهۆی دەستێوەردانو پشتیوانی ڕاستەوخۆی پەرلەمانتارانو لایەنە سیاسییەکانەوە کراونەتە شەهید، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە شانەو بەرژەوەندییەکانی داعش بەقوڵی دزەیانکردوەتە ناو جومگەکانی دەوڵەتەوە.
زانیارییهكى گرنگیش ئاشكرادهكات، زیاتر لە27 ھەزار کوژراوی تیرۆریستانی داعش لەپارێزگاکانی (ئەنبار، سەڵاحەدین، موسڵو دیاله) لەدەزگای شەھیدانی عێراق تۆمارکراونو کراونەتە شەھیدو ھەموو مافێکی شەھیدبونیشیان پێدراوە.
ئەم دۆخە شەقامی عێراقی بەگشتییو ناوچە زیانلێکەوتوەکانی وەک قەزای خورماتوی بەتایبەتی توڕەکردوە؛ هۆزان جاسم ڕۆژنامەنوسو چالاکوانی دیاری ناوچەکە، بەنیگەرانییەکی قوڵەوە بهشارپرێسى وت، "براکەم لەسەنگەری بەرگریدا شەهیدکراوەو سەدانی دیكهى وەک ئەو هەن، کەچی حکومەت ئامادەنییە مافو شایستە یاساییەکان بەمنداڵو خێزانەکانیان ببەخشێت، لەکاتێکدا سامانی گشتیی بۆ بکوژانی ڕۆڵەکانیان خەرجدەکرێت".
