شارپرێس:
پزیشکی دادوەریی هەرێمی کوردستان دۆزینەوەی 37 ڕوفاتى نهناسراو لەناوچەکانی موسڵو حەویجە ڕاگەیاند، بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشكی دادوەریی هەرێمیش دهڵێت، "گوماندەکرێت ڕوفاتی پێشمەرگەبن، بەڵام یەکلاییکردنەوەی ناسنامەکانیان پێویستی بەپشکنینی دی ئێن ئەی هەیە".
یاسین كەریم بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشكی دادوەریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "37 تەرم لەناوچەکانی هەرماتی یهكو هەرماتی دوو لەموسڵ، لەگەڵ ناوچەی حەویجە دۆزراونەتەوە".
سەبارەت بەدابەشبونی ژمارەی تەرمەکان، بەڕێوەبەری پەیمانگهکە ڕونیکردوهتهوه، "لەناوچەی حەویجە 17 تەرمو لەناوچەی هەرماتی نزیکەی 20 تەرمی دیکە دۆزراونەتەوە، پڕۆسەی دۆزینەوەکەش دوای بەدواداچونی ورد هاتوە".
هەرچەندە شایەتحاڵەکانی ئەو ناوچانە دەڵێن ئەم تەرمانە ڕوفاتی پێشمەرگەن، بەڵام پزیشکی دادوەریی هەرێم جەختدەکاتەوە، ناتوانن بەبێ پشکنینی دی ئێن ئەی ئەو زانیارییە بەفەرمی پشتڕاستبکەنەوەو بابەتەکە تائێستا لەچوارچێوەی گوماندا ماوەتەوە.
سەبارەت بەکۆسپەکانی بەردەم کەیسەکە، دکتۆر یاسین ئاماژەی بەوەکرد، "پشکنینی دى ئێن ئهى تێچویەکی دارایی زۆری دەوێتو پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دابینی بکات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانیش لەئێستادا کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی دیکە تا بتوانن دۆسیەکە یەکلایی بکەنەوە".
