شارپرێس:
لەکاتێکدا قافڵەی فەڵەستین لەسەرتاسەری گەشتە نێودەوڵەتییەکەیدا، بەهەر وڵاتێکدا
تێپەڕی بێت سەردانی مەزارگەی قوربانیانی جینۆسایدی کردوە، بهڵام کاتێک لەدەروازەی
خابورەوە پێی نایە خاکی هەرێمی کوردستان، بەبێ سەرنجدانو سەردانى هیچکام لەمەزارگەکانی
شەهیدانی کیمیابارانو قوربانیانی ئەنفال، ڕێڕەوی گەشتەکەی بەرەو بەغداو ئوردن درێژە
پێدەدات.
ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنو پاسەکانی چالاکوانانی 20 وڵاتی جیهان، لەگەشتێکدا
دەگەنە عێراقو داوا لەگەلی عێراق دەکەن بەبەرزکردنەوەی ئاڵای وڵاتەکەیانو فەڵەستین،
پێشوازییان لێبکەن، پێشئەوەی بەرەو دواین وێستگەیان لەئوردنو خاکی فەڵەستین بەڕێبکەون.
قافڵەی فەڵەستین-ی وشکانی، کە قافڵەیەکی نێودەوڵەتییه، دوای تێپەڕبونی بەدەروازەی
سنوریی خاپوردا لەگەڵ تورکیا، پێی نایە ناو خاکی عێراقەوە، ئەم گەشتە نێودەوڵەتییە
لەفەڕەنساوە دەستیپێکردوەو ئامانجی ئەوەیە لەڕێگەی عێراقو ئوردنەوە بەرەو خاکەکانی
فەڵەستین بەڕێبکەوێت، بەمەبەستی پیشاندانی هاوپهیوەندیی لەگەڵ فەڵەستینییەکانو ئیدانەکردنی
ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی بەرامبەریان دەکرێت.
ڕێکخەرانی قافڵەکە ڕایانگەیاندوە، بەشداربوان لەسەرەتای دەستپێکردنی گەشتەکەیان
لەئەوروپاوە نزیکەی 5500 کیلۆمەتریان بڕیوەو گەیشتونەتە وێستگەی نۆزدەیەمی خۆیان لەدەروازەی
سنوریی خاپور؛ لەوێش پێش چونە ناو باکوری عێراق (ههرێمى كوردستان)و بەردەوامبون لەسەر
ڕێڕەوی گەشتەکە، پاسەکانیان گۆڕیوە.
بهگوێرهى وتەی ڕێکخەران، ئێستا تەنها نزیکەی 1780 کیلۆمەتر لەبەردەم قافڵەکەدا
ماوە بۆ گەیشتن بەکەناری ڕۆژئاوا، هاوکات بەشداربوان داوایان لەگەلی عێراق کردوە پێشوازییان
لێبکەنو ئاڵاکانی عێراقو فەڵەستین بەرزبکەنەوە وەک دەربڕینی هاوسۆزیی لەگەڵ پەیامی
قافڵەکەدا.
ئەم قافڵەیە زیاتر لە 500 چالاکوانو مافپەروەر لەخۆدەگرێت کە نوێنەرایەتی
نزیکەی 20 وڵات دەکەنو بەشداربوان لەڕێگەی 17 پاس، هاوشانی کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆرو
ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەوە گەشتدەکەن، ئەمەش لەچوارچێوەی گەشتێکی وشکانیی نێودەوڵەتیی
دورودرێژدایە کە بەناو چەندین وڵاتی ئەوروپیدا تێپەڕیوە تا گەیشتوەتە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست.
قافڵەکە لە26ى تەمموزی ڕابردودا لەفەرەنساوە بەڕێکەوتبوو، پێشئەوەی بەشداربوان
بگەنە سێربرێنیتسا لەبۆسنەو هەرزەگۆڤین؛ لەوێ سەردانی مەزارگەی یادەوەریی پۆتۆچارییان
کردو یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی سێربرێنیتسایان بەرز ڕاگرت، ڕێکخەران ئاماژەیان بەوەکردوە،
ئەو وێستگەیە هێمایەکی ڕەمزیی پێوەبوە بۆ ڕەتکردنەوەی جینۆسایدو هاوسۆزیی لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا.
لهبۆسنەو هەرزەگۆڤینەوە، قافڵەکە لەڕێگەی مۆنتینیگرۆ (چیای ڕەش)، ئەلبانیاو
یۆنانەوە بەردەوامیی بەگەشتەکەیداو بەشاری سالۆنیکدا تێپەڕی کە چەندین چالاکیی
هاوپهیوەندیی بۆ پێشوازیکردن لەبەشداربوان تێیدا ڕێکخرابوو، پێشئەوەی بچێتە ناو
خاکی تورکیاوە.
ڕێڕەوی قافڵەکە لەتورکیا چەندین شاری گرتەوە، لەوانە ئەستەمبوڵ، ئەدەنە،
قارەمان مەرعەشو غازی عەنتاب، تا دواجار گەیشتە سنوری عێراق، بۆ ئەوەی دوای ئەوە
قۆناغێکی نوێی گەشتەکەی بەرەو ئوردن دەستپێبکات.
بهگوێرهى ڕاگەیاندنی ڕێکخەرانی، قافڵەکە هەوڵدەدات سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
بەرەو نەهامەتیی فەڵەستینییەکان ڕابکێشێتو بێدەنگیی بەرامبەر ئەو دۆخەی پێیدا تێپەڕدەبن
بشکێنێت، جیا لەهەوڵدان بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆییو پزیشکی، لەوانەش ئۆتۆمبێلی
فریاکەوتن، ئەمەش بهگوێرهى تواناکانو بارودۆخی لۆجستیی بەردەست.
قافڵەکە دوای گەشتێکی چەند هەزار کیلۆمەتری بەناو چەندین وڵاتدا دێتە ناو عێراقەوە،
لەکاتێکدا عێراق وەک یەکێک لەدواین وێستگەکانی پێش ڕوکردنە ئوردن دادەنرێت کە لەوێشەوە
بهگوێرهى ئەو پلانەی ڕێکخەران ڕایانگەیاندوە، بەرەو خاکەکانی فەڵەستین بەڕێدەکەوێت.
پشتگوێخستنی دۆسیەی جینۆسایدی کورد لەلایەن ڕێکخەرانی قافڵەکەوە، لەکاتێکدایە
کە ئەوان لەوێستگەکانی پێشویاندا لەئەوروپا، بەتایبەتی لەسێربرێنیتسا لەبۆسنەو هەرزەگۆڤین،
سەردانی مەزارگەی پۆتۆچارییان کردو مۆتیڤی سەرەکیی گەشتەکەیان بە"ڕەتکردنەوەی
جینۆساید لەجیهاندا" بەستەوە، بەڵام تێپەڕبونی خێرای ئەو 17 پاسو 500
چالاکوانە نێودەوڵەتییە بەناو خاکی باشوری کوردستاندا، بێئەوەی لانیکەم وێستگەیەک
بۆ بەسەرکردنەوەی برینەکانی هەڵەبجەو گەرمیان یان بەرزڕاگرتنی یادەوەریی قوربانیانی
ئەنفال تەرخانبکەن، نیشانەی پرسیارێکی گەورەی لەسەر هاوسەنگیی پەیامە مرۆییەکەیان
دروستکردوە؛ ئەمەش وەک کێشانەوەی هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان هاوسۆزی بۆ جینۆسایدێکو
فەرامۆشکردنی جینۆسایدێکی هاوشێوە لەهەمان ڕێڕەوی جوگرافیدا دەبینرێت.
