شارپرێس:
بۆ یەکەمجار، زانیاریی‌و وردەکاریی نەبیستراو لەبارەی سەردانە یەک لەدوای یەکو کتوپڕەکانی ئیسماعیل قائانی (فەرماندەی فەیلەقی قودس)ى سوپاى پاسداران‌و محەمەد قالیباف (سەرۆکی پەرلەمانی ئێران) بۆ بەغدا ئاشكرا دەبن، ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئێران پەیامێکی ههستیارو هۆشدارییەکی توندیان لەبارەی مەترسییەکی نادیار گەیاندوەتە لایەنە شیعییەکان کە ڕاستەوخۆ دوای کۆبونەوەکانیان گرێکوێرەی پەککەوتنی پێکهێنانی حکومەت کراوەتەوە.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت له‌سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، پێشینەی کارەکان گۆڕاوە؛ چەکی گروپە چەکدارەکان کە ئێستا بە"چەکی پیرۆز" ناودەبرێت، داناماڵدرێت، بەڵکو لەکۆگای فەرمی‌و دیاردا بەناوی خودی گروپه‌كانه‌وه دەپارێزرێتو تەنها ڕادەستی حەشدی شەعبی دەکرێت.
له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس ڕونكردنه‌وه‌ى زیاترى خسته‌ڕوو وتى، "ئەو پلانە باوەی کە بڕیاربوو حکومەت چەک لەگروپەکان بسەنێتەوە گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە، ئێستا ڕێککەوتنەکە بەو ئاراستەیەیە کە چەکەکانیان لێنەسەندرێت، بەڵکو تەنها شێوازی پاراستنی بگۆڕدرێت، بەکارهێنانی دەستەواژەی چه‌كى پیرۆز-یش بۆ ئەوەیە شەرعییەتێکی ئایینی‌و نیشتمانی بدرێت بەچەکی ئەو گروپانە (بەو پاساوەی کە کاتی خۆی دژی داعش شەڕیان پێکردوە)، تا ڕێگریی بکرێت لەوەی وەک چەکی قاچاخ یان نایاسایی سەیر بکرێت".
ئه‌وه‌شى وت، "ڕێكه‌وتنه‌كه به‌شێوه‌یه‌كه چه‌كه‌كانیان لێناسهندرێت، بەڵکو لەکۆگای فەرمی‌و دیاردا بەناوی خودی گروپه‌كانه‌وه دەپارێزرێت، واتە گروپە چەکدارەکان چەکەکانیان تەسلیم بەدەوڵەت ناکەن، بەڵکو چەکەکە لەکۆگایەکی فەرمیدا دادەنرێت‌و ناوی گروپەکەی بەڕونی لەسەر دەنوسرێت، ئەمەش ئاماژه‌یه بۆ ئەوەی کە خاوەندارییەتی چەکەکە هەر بۆ خۆیان دەمێنێتەوە".
جه‌ختیكرده‌وه، "له‌كۆبونه‌وه‌كاندا، ئه‌و گروپانە ڕەتیانکردوەتەوە چەکەکانیان بدەنە دەست وەزارەته‌كانى بەرگریی یان ناوخۆی عێراق، تەنها ڕازیبون لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا کۆگای بکەن، چونکە حەشد خۆی لەوان نزیکەو بەمەش دڵنیادەبنەوە کە چەکەکانیان سەرکوت یان کۆنتڕۆڵناکرێت، ئەمەش فێڵێکی سیاسیی‌و سەربازییە؛ گروپە چەکدارەکان لەڕواڵەتدا چەکەکانیان دەخەنە کۆگاوە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە پابەندی یاسا‌و وادەکانی حکومەتن، بەڵام لەناوەڕۆکدا چەکەکە لەژێر دەستی خۆیان‌و بەناوی خۆیان دەمێنێتەوە، بەمەش هەم هێزی سەربازیی خۆیان دەپارێزنو هەمیش مەرجی بەشداریکردنیان لەوەزارەتە نوێیەکانی حکومەتدا جێبەجێدەکەن".
ئه‌وه‌ش زانراوه، لەبەرامبەر پاراستنی چەکەکانیان، گروپە چەکدارەکان پشکی خۆیان لەنۆ وەزارەتە بەتاڵەکە وەردەگرن، بۆ ڕێگری‌کردن لە کاردانەوەی واشنتۆنیش، گروپه‌كان کەسایەتی تەکنۆکراتی سێبەر (سەربەخۆ لەڕوکەشداو حزبی لەژێرەوە) دادەنێن.
شارپرێس زانیویه‌تى، هاوپەیمانیی ده‌وڵه‌تى یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تى نوری مالیکی، وەزارەتی ناوخۆ دەبات‌و قاسم عەتا کاندید دەکاتەوە، گروپی عەسائیب-یش چاوی لەوەزارەتی کار‌و پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانە.
هه‌روه‌ك ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى زانیارییه‌كانى بۆ شارپرێس ئاشكراكرد وتى، "بەشێکی دیكه‌ى ئەم ڕێککەوتنە هێمنە، خانەنشینکردنی یەکجاریی فالح فەیازە لەسەرۆکایەتیی ده‌سته‌ى حەشدی شەعبی، حکومەت دەیەوێت بەڕێوەبەرایەتییەکی تەکنۆکرات بۆ حەشدى شه‌عبى دابمەزرێنێت".
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس، "پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان له‌لایه‌ن حه‌شدو گروپه‌كانه‌وه بۆ پۆسته به‌تاڵه‌كانى حكومهتو ناردنى بۆ پەرلەمان، پێدەچێت دوابکەوێت بۆ دوای سەردانەکەی عەلی زەیدیی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ سعودیە".
ئیسماعیل قائانیو محەمەد قالیباف لەم هەفتەیەداو بەدیاریکراوی لەڕۆژی دوشەممە 10ى ئابى 2026 بەسەردانێکی کتوپڕو ڕانەگەیەندراو گەیشتنە شاری بەغدا.