تەنیا 10 خولەک بەپێ ڕۆیشتنی ئێواران چی کاریگەرییەکی لەسەر دابەزینی شەکری خوێن هەیە؟

تەندروستی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 141 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەڕانێکی کورت دوای ژەمی ئێوارە یەکێکە لە ئاسانترین ڕێگەکان بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن. لە کاتی ڕێکردندا، ماسولکەکان گرژ دەبن و پێویستییان بە وزە دەبێت، بۆیە گلوکۆزی ناو خوێن ڕادەکێشن و بەکاری دەهێنن.

ئاستی شەکر دوای خواردن بە شێوەیەکی سروشتی بەرز دەبێتەوە، بەڵام بڕ و ماوەکەی بەپێی جۆری خۆراك، بڕی کاربۆهیدرات، خێرایی هەرسکردن و وەڵامدانەوەی ئەنسۆلین دەگۆڕێت. توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جوڵە دوای خواردن ئاستی شەکر کەم دەکاتەوە بە بەراورد لەگەڵ دانیشتندا.

پیاسەی دوای ژەمی ئێوارە بەتایبەتی بەسوودە، چونکە زۆرجار خەڵکی لە شەواندا کاربۆهیدراتی زیاتر دەخۆن و جوڵەیان کەمترە. هەروەها دەستپێکردنی جوڵە بڕێک دوای خواردن کاریگەری زیاتری هەیە لە دواخستنی.

بەپێی توێژینەوەکان، ڕێکردن تەنها بۆ ماوەی 10 خولەک دوای ژەمەکان یاریدەدەرێکی باشە. سودەکان تەنها بۆ ڕێکردن نین؛ چالاکی وەک پاسکیلسواری، هەڵپەڕکێ، یان کارکردنی ئاسایی ناوماڵ هەمان سود دەبەخشن.

ئەو کەسانەی دەرمانی شەکرە بەکاردێنن یان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، پێویستە بەر لە دیاریکردنی جۆر و ماوەی چالاکییەکە ڕاوێژ بە پزیشک بکەن.