بانکی ناوەندیی عێراق: ڕێژەی قەرزە بەخشراوەکان لەساڵی 2025دا لە 4.1 ترلیۆن دینار تێپەڕی

ئابوری

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1184 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمرۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد کە کۆی گشتیی ئەو قەرزانەی لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی 4 ترلیۆن دیناریدا بەخشراون لە ماوەی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە نزیکەی 4.195 ترلیۆن دینار، کە بەسەر چەندین ئامانج، پڕۆژەی وەبەرهێنان و بەشی کەسیدا دابەش بوون.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی بانکەکە، پڕۆژە گەورەکان کە بەهای هەر یەکێکیان لە ملیارێک دینار تێپەڕ دەکات، پشکی شێریان بەرکەوتووە بە بڕی 2.211 ترلیۆن دینار و زۆرتر ڕوویان لە کەرتە گرنگەکانی وەک بازرگانیی و پیشەسازیی کردووە.

 لەلایەکی دیکەوە، پڕۆژە بچووکەکان نزیکەی 249.6 ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە کە کەرتەکانی خزمەتگوزاریی، پیشەسازیی، کشتوکاڵ و بازرگانییان گرتۆتەوە. 

جگە لەوانەش، ئەم دەستپێشخەرییە دابینکردنی قەرزی کەسیی ئاسانکاریی بە بەهای 5.6 ملیار دینار لەگەڵ پارەدارکردنی پڕۆژە کاریگێرییەکانیشی گرتۆتەوە، ئاماژەش بەوە کراوە کە بڕی ئەم هاوکارییە داراییانە لەگەڵ بەردەوامیی بەخشینی قەرزی نوێ بۆ کەرتەکانی تر بەرەو زیادبوون دەچێت.