شارپرێس:
دوای ماوەیەک لەبێدەنگیو سەرهەڵدانی چەندین دەنگۆ لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەگەڵ تۆمەتبارانی دۆسیەکانی گەندەڵی، دادوەر فایق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری هاتەدەنگو بەتوندی هەموو ئەو دهنگۆیانه ڕهتدهكاتهوه.
زێدان جەختیکردەوە، هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی پێکهاتن لەگەڵ ئەوکەسانەدا نییە کە تێوەگلاون لەدۆسیەکانی گەندەڵیو هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەهەبونی ئاراستەیەک دەکەن بۆ چاوپۆشیکردن لەگەندەڵکاران.
سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری جهختیكردهوه، دادگا تەنها بهگوێرهى یاسا مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکانی گەندەڵیدا دەکاتو هیچ بڕیارێک بۆ پەسەندکردنی سازش لەئارادانییە.
لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی (تیاری مەدەنی) کە لەچەندین هێز پێکدێت، لەوانە (حزبی شیوعیی عێراق، حزبی گەل، تیاری دیموکراتی)و چەندین کەسایەتی سەربەخۆ، ئەم هێزانە زۆرجار لەژێر ناوی هاوپەیمانی مەدەنی دیموکراتی یان هاوپەیمانییەکانی وەک (قـیم یان البدیل) بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن، زێدان ئاماژەی بەوەکرد، "ئەرکی دادگا جێبەجێکردنی یاسایەو ڕێگەنادەین هیچ کەسێک لەسزای یاسایی ڕزگاری بێت بەپاساوی ڕێککەوتنی دەرەوەی یاسا".
ئەم هەڵوێستە توندەی فایق زێدان لەکاتێکدایە، لەشەقامی عێراقیدا باس لەهەوڵ هەبوو بۆ یەکلاییکردنەوەی هەندێک دۆسیەی گەورە لەڕێگەی پێدانەوەی پارە، بەڵام سەرۆکی دهسهڵاتى دادوەریی بەم لێدوانانەی کۆتایی بەو گومانانە هێناو جەختی لەچەسپاندنی شکۆی یاسا کردەوە.
