چەند کەسێک لەسەر گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکران

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 213 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی حەسەکە رایدەگەیەنێت، هەموو ئەو کەسانە دەستگیرکراون کە رێگرییان کرد لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێکانی، هەروەها ئەو کەسانەش دەستگیرکراون کە لەحەسەکە و قامیشلۆ هێرشیانکردەسەر دامودەزگاکانی حکومەت.


هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی حەسەکە لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" لەماوەکانی رابردودا چەند روداوێک لە شاری سەرێکانی ڕویاندا کە سەلامەتی خەڵکیان خستە مەترسییەوەو چەند کەسێک رێگریان لەگەڕانەوەی ژمارەیەک خێزان کرد بۆ ماڵەکانی خۆیان، هەروەها دەستدرێژییان کردەسەر ئەو خێزانانە، لە حەسەکە و قامیشلۆش بێڕێزی بەرامبەر بە ئاڵای سوریا کرا و دەستدرێژی کرایەسەر دامودەزگاکانی حکومەت ".

ئەوەشیخستەڕوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە دادوەرییەکان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی رێکاری یاساییان دەستپێکرد و هەموو ئەو کەسانە دەستگیرکران کە تێوەگلانیان لەو کارانە سەلمێنراوە.

ئاسایشی حەسەکە وتیشی،" نەرمی بەرامبەر هیچ لایەن و کەسێک نانوێنن کە سەلامەتی هاوڵاتییان و ئاسایشی وڵات و دامودەزگاکان دەخەنە مەترسییەوە ".