ئیسرائیل بۆ شەڕە دور مەوداکان پێویستی بەئەمریکا نابێت

ڕاپۆرت

60 خولەک پێش ئێستا‌ 200 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیسرائیل دوەم فڕۆکەی سوتەمەنی ‌پڕکەرەوەی ئاسمانی لەجۆری KC-46A  لەویلایەتە یەکگرتوەکان ئەمریكا وەرگرت. ئەم پڕۆژەیە 6 فڕۆکە لەم جۆرە لەخۆدەگرێت کە بۆ جێگرتنەوەی فڕۆکە کۆنەکانی Boeing 707  دانراون. 

بەگوێرەی سەرچاوەکان بڕی کڕینەکە 6 فڕۆکەیە؛ و ئەگەر هەیە ژمارەکە بگاتە 8 فڕۆکە. فڕۆکەی دووەم لە 20ی ئاب 2026 گەیشتوەتە بنکەی ئاسمانی نەڤاتیم و بەتیمی فڕۆکە سوتەمەنی‌پڕکەرەوەی گیدۆن پەیوەست کراوە. 

ئەم فڕۆکانە توانای درێژکردنەوەی مەودای ئۆپەراسیۆنی فڕۆکە شەڕکەرەکان و زیادکردنی ماوەی ماندنەوەیان لە ئاسمان دەدەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، پارەی کڕینی ئەم فڕۆکانە لە چوارچێوەی یارمەتیی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دابین دەکرێت، نەک لە بودجەی ئاسایی ئیسرائیل. 

لەجەنگی ئەمساڵی ئیسرائیل و ئێراندا، پێویستی ئیسرائیل بە فڕۆکە سوتەمەنی‌پڕکەرەوەکان بۆ ئۆپەراسیۆنە دورمەوداکان بەڕونی دەرکەوت؛ سەرچاوەکان ئاماژە دەکەن بەوەی کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لەهەندێک ئۆپەراسیۆنی دورمەودادا بە شێوەیەکی زۆر پشتیان بە فڕۆکە سوتەمەنی‌پڕکەرەوە ئەمریکییەکان بەستوە.

گرنگی ستراتیژیی KC-46A ئەوەیە کە ئیسرائیل دەتوانێت بەفڕۆکە جەنگییەکانی خۆی مەودایەکی دورتری بڕوات، چونکە لەئاسماندا سوتەمەنی وەردەگرن و پێویستیان بەگەڕانەوە بۆ بنکەی سەرەتایی کەمتر دەبێت. 

بۆیە ئەم فڕۆکانە بەتایبەتی بۆ ئۆپەراسیۆنە دورمەوداو هێرشەکان لەدەرەوەی ئیسرائیل گرنگییەکی ستراتیژی هەیە.