باخچەلی هێرشی توند دەکاتە سەر ئیسرائیل.. با سەبری تورکیا تاقی نەکاتەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 340 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرست (مەهەپە) بە توندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی ئیسرائیل دوای بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زهور لەئیدلب بیانوی بونی هێزیی سەربازیی تورکیا. 

 
باخچەلی لەبەیاننامەیەکدا کە لەڕۆژنامەی "تورک گون" بڵاویکردەوە، بەناونیشانی "بێلایەنکردنی ئیسرائیل لە بەرامبەر سیاسەتە شەڕانگێزییەکانیدا کە ئاشتی و ئاسایش دەخەنە مەترسییەوە" تێیدا جەختی کردەوە کە جڵەوکردنی ئیسرائیل لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بوەتە شتێکی حەتمی و پێویستییەک کە ناتوانرێت دوابخرێت.

باخچەلی ئاماژەی بەوەکردووە کە تەلئەبیب بە هەڵە توانای ئاشتیی خوازانەی تورکیا وەک هەڕەشە دەبینێت، هۆشداریشی دا کە نابێت ئارامگری و ئاشتیخوازیی ئەنقەرە وەک بێدەسەڵاتی و لاوازی لێکبدرێتەوە، چونکە گەلی تورک لە کاتی مەترسیدا بۆ بەرگریکردن لەسەروەریی خۆی ناوەستێت.

ڕێبەری MHP جەختی کردەوە کە تەنها ڕووخانی کابینەکەی ناتانیاهۆ بەس نییە، بەڵکو دەبێت بەکارهێنانی هێزی نەرم و ڕەق ببنە هۆی نەهێشتنی ئەو ژینگەیەی ناتانیاهۆی نوێ بەرهەم دەهێنێت. 

لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی مەهەپە داوای گرتنەبەری سزای ئابووریی و سەربازیی نێودەوڵەتی، هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕینی پشتیوانیی بێمەرجی ئەمریکا، و جوڵاندنی سەرکردە ئاینی و کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانی کرد بۆ پاککردنەوەی دامەزراوەکانی ئیسرائیل لەلادانی ئایدۆلۆژی.