ئێران هۆشدارییەكی جیاواز ئاڕاستەی ئەمریكاو سەرجەم وڵاتان دەكات.. بێ جیاوازی دەتانكەینە ئامانج

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 281 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشداریی توند دەداتە ئەمریکاو وڵاتانی دەوروبەری و ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو ئەمریکا نەگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی، تەنگەی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە. دەشڵێت،"ئەگەر واشنتن جەنگی ئابوری بەردەوامبکات، ناهێڵین یەک دڵۆپە نەوت لەکەنداوەوە هەناردەبکرێت".


موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەهەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، تیشکی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە.

ڕەزایی ستایشی رۆڵی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و وتی،"شایانی شوکرانەبژێرییە کە خودا رێبەرێکی هاوشێوەی رێبەرە شەهیدەکەمانی پێداوین. سەرەڕای ئەوەی خۆیان خاوەن کۆستێکی گەورەن و خێزانی خۆیان لەدەستداوە، بەڵام زۆر بەهێز ئێرانیان بەڕێوەبرد و لەبەرامبەر جەنگدا بەرگرییان لە ئێران کرد. بە ئازایەتییەوە لە مەیدانی دیپلۆماسی و جەنگدا ئامادەبون و سەربەرزانە هاتنە دەرەوە".

سەبارەت بەئەگەری زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە، موحسین ڕەزایی پەیامێکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد و ڕایگەیاند،"بەئەمریکا دەڵێین هێزی زیادە ڕەوانەی ناوچەکە نەکات، چونکە ئەگەر هێز زیادبکەن، دەیانپێکین. هەر کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ دژەشۆڕش (ئۆپۆزیسیۆنی ئێران) بکەن، ئێمە ئەو شوێنە دەپێکین. ترەمپ و ناتانیاهۆ هیچ کارێکیان پێناکرێت".

ڕەزایی هۆدشاری توندی دایە وڵاتانید راوسێ و وتی،" بەهەموو وڵاتانی دەوروبەر دەڵێین، مەبنە بەشێک لەجەنگی ئابوری دژی ئێران؛ هەر کەسێک بەشداربێت، وەک دووژمن تەماشای دەکەین. سەرەتا گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین، بەڵام ئەگەر بەردەوامبن، دەبنە ئامانجی ئێمە".

ڕەزایی هەڕەشەی راگرتنی تەواوەتی هەناردەی نەوتی کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،"ئەگەر ئەمریکا جەنگی ئابووری بەردەوامبکات، یەک دڵۆپە نەوت لەکەنداو ناچێتە دەرەوە، نە لەتەنگەی هورمز و نە لەهیچ رێگەیەکی دیکەوە. ئێستا تەنگەی هورمزمان بەستووە و هێشتا کارمان بەسەر نەوتی کەنداوەوە نییە، بەڵام ئەگەر شەڕانگێزییەکانیان بەردەوامبێت، هەنگاوی دواتر دەنێین."