ئەمریكا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی جەنگ ڕاگەیاند

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، ستراتیژیی هێزەکانی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر نەخشەڕێگەی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەهێزکردنی سوپاو دەڵێت، ئامادەی هەر سیناریۆو ئەگەرێكن بۆ دوبارە دەستپێكردنەوەی جەنگ.


پیت هێگست، وەزیری جەنگی ئەمریکا لەوتارێکدا لەبەردەم فەرماندەیی ستراتیژیی هێزەکانی ئەمریکا (STRATCOM)، سەرنجی خستە سەر نەخشەڕێگەی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەهێزکردنی سوپاو چاکسازی لەدامەزراوە سەربازییەکانداو دەڵێت، ئامادەی هەر سیناریۆو ئەگەرێكیش بۆ دوبارە دەستپێكردنەوەی جەنگ.

پیت هێگسێت جەختی لەسەر یەکسانی و شایستەیی لەناو ریزەکانی سوپادا کردەوەو وتی، چیتر رێگە بەسەرقاڵکردنی سوپا بەئەندازیاریی کۆمەڵایەتی و بەرنامەکانی هەمەڕەنگی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی (DEI) نادرێت؛ ئەو جۆرە شتانە تەنیا بۆ زانکۆ، کۆلێژو ناوەندە ئەکادیمییەکان دەستدەدەن. لەناو پێکهاتە سەربازییەکانی ئێمەدا پێوەر تەنیا شایستەیی و لێهاتویی دەبێت، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەنگ و جیاوازیی ڕەگەز، تەنیا ئەوە بنەمایە."

وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداریدا کە چەندین وڵات و نەیاری واشنتۆن لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ پەرەپێدانی توانستەکانیان بەمەبەستی لێدان لەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو وتی،"پێویستە سوپای ئەمریکا هەمیشە ئامادەی هەر سیناریۆیەکی نەخوازراو بێت، هەر بۆیە داوای تەرخانکردنی بودجەیەکی 1.5 تریلیۆن دۆلاریمان کردوە بۆ ئەوەی بەتەواوی پێداویستییە سەربازی و ستراتیژییەکان دابین بکەین".

هێگسێت ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیدارەی نوێ بەخێرایی کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکان دەکات و وتی،"لای ترەمپ 'ئەمریکا پێش هەموو شتێکە'؛ سەرۆک متمانەی تەواوی بەتواناکانی من هەیەو داوای کردوە کە بەخێرایییەکی زۆر زیاتر کارەکانمان راپەڕێنین تاوەکو سوپای ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەباشیدا بمێنێتەوە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کەڕوبەڕوی ئاسایشی نیشتمانیمان ببێتەوە".