شارپرێس:
حاکم قادر رایدەگەیەنێت، ئەو گۆڕانکارییانەی لە
ناوچەكەدا ڕودەدەن کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر داهاتووی هەرێم دەبێت، دەشڵێت،"
دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ناو خەڵک و بەکردەوە خزمەتکاری تاك بە تاکی ھاونیشتیمانیان بین
".
حاکم قادر حەمەجان لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە و تێکۆشەری دێرین، سەردانی دەروازەی
ڕاپەڕینیان کرد و لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، ژمارەیەک لە سەركردە و فەرماندە و تێکۆشەری
دێرین و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و هەروەها ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی
ناوچەکەیان بەسەر کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێک،" حاکم قادر لەسەرانەکەیدا ڕۆڵی دەروازەی ڕاپەڕینی
بە گشتی لە شۆڕش و ڕاپەڕیندا بەرز نرخاند بە ڕێبەرایەتی یەكێتی، ھەروەھا جەختی لە گرنگی
گەڕانەوە بۆ ناو خەڵک و نزیکبونەوە لێیان كرد
و وتی، ئەركی حكومەتە گوێ لەڕەخنە و داواکاری و داخوازی و خزمەتگوزایەكانی خەڵك بگرێت
".
حاکم قادر ئاماژەی بە ڕۆڵ و مێژوی خەڵکی گوندنشینان کرد و جەختیکردەوە،"
خەڵکی گوندەکان هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگیان لە خزمەتی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلەکەماندا
هەبوە، ھەر لە قوربانیدان و ماڵوێرانی و ڕوداوەکانی ئەنفال و کیمیابارانەوە، تا خزمەتکردن
لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ".
حاکم قادر ھێمایی بۆ ئەوەشكرد،" ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕودەدەن،
دەتوانن کاریگەری گەورەیان لەسەر داهاتوی هەرێم هەبێت، بۆیە نابێت بەبێ ئامادەکاری
و بەبێ یەکڕیزی و یەکگرتویی بەرەو ئەو قۆناغە بچین ".
حاکم قادر جەختیکردەوە کە لەم بارودۆخە هەستیارەدا،" پێویستە ململانێ و
تەخوینی نێوان لایەنەکان وەلابنرێت و هێز و تواناکانمان بۆ پاراستنی خاک و حکومەت و
هاونیشتیمان و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک تەرخان بکەین ".
لە كۆتایی سەردانەكانیاندا حاكم قادر ئاماژەی بە پێویستی پێکهێنانی حکومەتی
نوێی هەرێم لە زوترین کاتدا کرد و باسی لەوەشکرد، یەکڕیزی و یەکگرتویی لەم قۆناغەدا
تەنها هەڵبژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی چارەنووسسازە.

