شارپرێس:
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی حكومهتى عێراق ئاشکرایدهكات، دۆسیەی جێگیرکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستو ئەوانەی بەڕۆژانە کاردەکەن لەسەر میلاکی هەمیشەیی، بارگرانییەکی دارایی زیادە دەخاتەسەر تێچوی ساڵانەی موچەی دەوڵەت، دهشڵێت، "دیاریکردنی تێچوی کۆتایی، بەندە بەژمارەی ڕاستەقینەی ئەوکەسانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوەو هەروەها جۆری پلەو نازناوە وەزیفییەکانیان".
ئەو بەرپرسەى دارایی عێراق بۆ میدیاى عێراقى وتویهتى، "جێگیرکردن تەنها بەواتای بەردەوامبونی پێدانی ئەو پارەیە نایەت کە ئێستا وەریدەگرن، بەڵکو دەبێتە هۆی هاتنە ناوەوەی ژمارەیەکی زۆر لەفەرمانبەر بۆ ناو پێکهاتەی موچەی هەمیشەیی، ئەمەش شایستەی دارایی نوێی وەک پلەی وەزیفیو خزمەتی لێدەکەوێتەوە".
بەرپرسەکە کە نەیویستوە ناوی ئاشکرابکرێت، ئاماژهى بهوهداوه، "تێچوی ساڵانە بهگوێرهى ژمارەی کۆتایی سودمەندبوانو تێکڕای موچەی هەر گروپێک هەژماردەکرێت، هەروەها جیاوازیی نێوان ئەو پارەیەی ئێستا وەریدەگرن لەگەڵ ئەوەی دوای جێگیرکردن شایستەی دەبن، هەموی هەژماردەکرێت، وەزارەت لەئێستادا خەریکی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە داراییەکانی ئەم بڕیارەیە پێشئەوەی بەفەرمی بیخاتە ناو خشتەکانی بودجەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی دارایی ناتوانێت پێشوەختە هیچ ژمارەیەکی کۆتایی بۆ ئەو بارگرانییە داراییە دیاریبکات تائەوکاتەی داتای وردی هەموو سودمەندبوان یەکلادەبێتەوە، بۆیە هەر ژمارەیەک ئێستا باسبکرێت، تەنها خەمڵاندنی سەرەتاییە.
لەکۆتاییدا بەرپرسەكهى دارایی جهختیكردوهتهوه، "دۆسیەی جێگیرکردنی گرێبەستەکان لەناو ڕەشنوسی بودجەی 2027دا بهگوێرهى ڕێکارە داراییەکان جێگیرکراوە، بەڵام جێبەجێکردنی بەندە بەو دەقو تەرخانکراوانەی لەبودجەکەدا دەمێننەوەو هەروەها بەندە بەو سەرچاوە داراییانەی کە لەبەردەستدەبن".
حکومەتی عێراق مانگانە نزیکەی ههشت ترلیۆن دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت خەرجدەکات، کە تێکڕای ساڵانەکەی دەگاتە 96 ترلیۆن دینار.
