پاکستان نێوەندگیریی لەنێوان تاران‌و واشنتۆن ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2727 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پاکستان، ئه‌مڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ ئەمریکاو ئێران بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لەنێوانیاندا بەرپابوە، جەختیشیکردەوە، "دڵنیایە هەردوو وڵات دەگەڕێنەوەسەر مێزی گفتوگۆ".


تاهیر ئەندرابی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەردانەکەی عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ تاران لەمانگی ئابی ڕابردودا، پاڵنەرێکی گەورەی سەبارەت بەقەیرانی گەروی هورمز دروستکردوە.

پێشتریش شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان جەختیکردبوەوە کە وڵاتەکەی بڕوای وایە ئەو چوارچێوە ئاشتییەی کە پاکستان نێوەندگیریی بۆ کردوە لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا، باشترین هیوا بۆ ئاشتی لەناوچەکەدا پێشکەشدەکات.

شەریف وتیشی، "هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانمان بونە هۆی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن کە هەنگاوێکی گرنگ بوو بەرەو هێورکردنەوەی گرژییەکان‌و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە".

ئەم هەوڵانەی پاکستان لەکاتێکدایە کە پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندبوو، هێزەکانیان چەند ئامانجێکی سەر بەسوپای پاسدارانیان پێکاوە، لەوانە پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمی ڕادار، کەرەستەو دامەزراوە دەریاییەکان، تواناکانی مینڕێژکردن‌و پێگەکانی پەیوەندیکردن.

دوای ئەو هێرشانە، ئێران-یش ڕایگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دەستپێکردوە، لەبەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ه‌وه‌ هەڕەشەی وەشاندنی گورزی "زۆر توندترو بەهێزتر"ی کرد ئەگەر ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بداتەوە.

ترەمپ دواتر ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەو دۆخی ئێستای پێ باشترەو جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بەتەواوی کۆنتڕۆڵی گەروی هورمزی کردوەو ئابوریی ئێرانیش لەلێواری هەرەسدایە.

شه‌وى ڕابردوش ئه‌مریكا هێرشێكى چڕى كرده‌ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كى جیاوازى ئێران‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا سوپاى پاسدارانى ئێران وه‌ڵامێكى توندى دایه‌وه‌و ژماره‌یه‌ك له‌بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌وڵاتانى عه‌ره‌بى وه‌كو (ئورن، ئیمارات‌و كوه‌یت) به‌موشه‌كى بالیستى‌و درۆنى خۆكوژ كرانه‌ ئامانج.