گەڕانەوە بۆ عەشقە کۆنەکە؛ ئایا ترەمپ‌و کیم جارێکی دیكه‌ کۆدەبنەوە؟

ڕاپۆرت

57 خولەک پێش ئێستا‌ 156 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارثرێس:
سیئۆل پایتەختی کۆریای باشور، ئەگەری بەڕێوەچونی دیدارێکی نوێی لەنێوان پیۆنگیانگء واشنتۆن بەدورنەزانی، ئەمەش بەپشتبەستن بەهەڵسەنگاندنەکانی دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشور کە ئاماژە بەهەبونی گفتوگۆ لەنێوان هەردولادا دەکەن، هەرچەندە تائێستا هیچ پەیوەندییەکی بەرجەستەو بەڵگەدار پشتڕاستنەکراوەتەوە.


پەرلەمانتارێکی کۆریای باشور، بەپشتبەستن بەزانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئەگەری کۆبونەوەی پیۆنگیانگء واشنتۆن لەئارادایە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاماژەکان بۆ هەبونی جۆرێک لەگفتوگۆ لەنێوان هەردولادا سەریانهەڵداوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بیرۆکەی ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی نوێی لەگەڵ کیم جونگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور خستبوەڕوو، بەڵام پیۆنگیانگ تائێستا بێدەنگی هەڵبژاردوە، هاوکات بەشێک لەچاودێرانیش گومانیان لەنزیکی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان هەیە.

یون کۆن یۆنگ پەرلەمانتاری کۆریای باشور، بەپشتبەستن بەکورتە زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵگریی نیشتمانی بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، "سەبارەت بەکۆبونەوەی لوتکەی نێوان کۆریای باکورو ئەمریکا، هەڵسەنگاندنەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەگەری ڕودانی لەهەر کاتێکدا هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، شیکارییەکان هیچ بەڵگەیەکی مادییان لەسەر پەیوەندیی ڕاستەوخۆ تێدانییە، بەڵام ئاماژەکان دەریدەخەن کە گفتوگۆیەک لەئارادایە.

هەڵسەنگاندنی ئەمریکا بۆ توانای ئەتۆمیی پیۆنگیانگ
دۆناڵد ترەمپ لەمانگی ئابی ڕابردودا خەمڵاندنێکی فەرمی بۆ جبەخانە ئەتۆمییەکەی پیۆنگیانگ خستەڕوو ئاماژەی بەوەکرد، کۆریای باکور خاوەنی 57 کڵاوەی ئەتۆمییە.

لەوکاتەوە، پیۆنگیانگ جەختیکردوەتەوە کە کیم "بیرەوەريیء هەستی باشی" بەرامبەر ترەمپ هەیەو پەیوەندی نێوانیان هێشتا "نایابە"، بەڵام تائێستا وەڵامێکی ڕونیان بۆ داواکەی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەئەنجامدانی دیدار نەبوە.

هاوکاتبونی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بڕیاری واشنتۆن بۆ کەمکردنەوەی مەوداو ماوەی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ سیئۆل لەمانگی ئابدا، بوە هۆی نیگەرانیی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەئاسیا، ئەمەش ئەو دەنگۆیانەی بەهێزترکرد کە ترەمپ دەیەوێت لەکاتێکدا کە جەنگەکەی دژی ئێران توشی ئاستەنگ بوە، دەستکەوتێک لەسیاسەتی دەرەوەدا بەدەستبهێنێت.

"هیچ پاڵنەرێکی بەهێز نییە"
تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لەمانگی ئابدا ڕایگەیاند، لەکۆتایی ئەمساڵدا کیم دەبینێت، کۆریای باکور زیاتر لە 10 موشەکی بالیستی کورت مەودای لەناوچەی پیۆنگیانگەوە بەرەو دەریای ژاپۆن تەقاند.

دواتر کیم یۆ جونگ خوشکە بەدەسەڵاتەکەی ڕێبەری کۆریای باکور ڕایگەیاند، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی مانۆڕەکان لەگەڵ کۆریای باشور "پاداشتێکی دادپەروەرانەیە" بۆ سیئۆل.

لەلایەکی ديكةوة، یانگ مو جین سەرۆکی پێشوی زانکۆی توێژینەوەکانی کۆریای باکور پێیوایە، پیۆنگیانگ پاڵنەرێکی بەهێزی نییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن، ئەو وتی، "کۆریای باکور یەکێکە لەسودمەندە گەورەکانی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیاو قوڵبونەوەی ململانێکانی نێوان (کۆریای باشور، ئەمریکاو ژاپۆن) لەلایەکء (کۆریای باکور، چینء ڕوسیا) لەلایەکی ديكةوة؛ هەربۆیە هاندەرەکانی گفتوگۆ لای ئەوان سنوردارن".

دیدارەکانی ڕابردوو و لێدوانە سەرنجڕاکێشەکان
ترەمپء کیم لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا سێجار کۆبونەوە، تەنانەت ترەمپ جارێک پەیوەندییەکەیانی بەوە وەسفکرد کە کەوتونەتە داوی عەشقی یەکترەوە.

بەکارھێنانی دەستەواژەی عەشقە کۆنەکە لەناونیشانى ئةم رِاثؤرتةدا ئاماژەیەکی ڕۆژنامەوانییە بۆ لێدوانێکی بەناوبانگء مێژویی خودی دۆناڵد ترەمپ کە لەساڵی 2018دا دەربارەی کیم جونگ ئون ئاماذةى ثيَكرد.

لەکاتی کۆبونەوەکانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ، پەیوەندی نێوان ئەوو ڕێبەری کۆریای باکور لەهەڕەشەی توندو پیاوە موشەکییەکەوە گۆڕا بۆ نامەگۆڕینەوەی دۆستانە، ترەمپ لەکۆبونەوەیەکی جەماوەریدا لەویلایەتی ڤێرجینیا بەپێکەنینەوە وتی، "كيم نامەيةكى زۆر جوانی بۆ نوسیوم، ئێمە کەوتینە داوی عەشقی یەکترەوە".

هەروەها ترەمپ لەتشرینی یەکەمی 2025دا پێچەوانەی سیاسەتی دەیان ساڵەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کۆریای باکور بەجۆرێک لەجۆرەکان بوەتە هێزێکی ئەتۆميی.

لەئێستادا چین وەک هاوبەشێکی بازرگانی سەرەکی کۆریای باکور ماوەتەوەو سەرەڕای سزاکانی سەر ئەو وڵاتە، پشتگیرییەکی دیپلۆماسیء ئابوریی گرنگی پێشکەشدەکات.

لەلایەکی ديكةوة، لی جای میۆنگ سەرۆکی کۆریای باشور کە لەحوزەیرانی 2025وە دەستبەکاربوە، سیاسەتی کرانەوەی بەرامبەر باکور گرتوەتەبەر، بەپێچەوانەی سەرۆکەکەی پێشخۆی، بەڵام پیۆنگیانگ دەستپێشخەرییەکانی ڕەتکردوەتەوەو سیئۆلی بە"دوژمنکارترین لایەن" ناوبردوەو خۆی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆميی ناساندوە.