توێژینەوەیەکی نوێی زانستی کە لە بڵاوکراوەی "Scientific Reports" بڵاوکراوەتەوە،
تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە کۆنترین ڕەفتارەکانی جیهانی گیانداران کە پەیوەندیدارە بە
بەکارهێنانی لایەکی جەستە.
بەپێی توێژینەوەکە، دروستکراوێکی شێوە کرم بە ناوی "Spriggina floundersi" کە نێزیکەی 550 ملیۆن ساڵ پێش
ئێستا لە سەردەمی ئیدیۆکاریدا ژیاوە، ئارەزووی لەمەلەکردن و خۆچەماندنەوە کردووە بۆ
لای ڕاست. ئەم دۆزینەوەیە دەری دەخات کە ڕەگی دیاردەی دەستەڕاستی یان دەستەچەپی لە
مرۆڤ و زۆربەی گیاندارە هاوچەرخەکاندا بۆ ئەو سەردەمە زۆر کۆنە دەگەڕێتەوە.
ئەم گیاندارە بچووکە خاوەنی کۆنترین سەری تۆمارکراوە لە
تۆماری بەردینەکاندا و پاشماوەکانی لە باشووری ئوسترالیا دۆزراونەتەوە. تیمی توێژەران
بە سەرپەرشتی سکۆت ئیڤانس لە موزەخانەی ئەمریکی بۆ مێژووی سروشتی، لێکۆڵینەوەیان لەسەر
زیاتر لە 100 بەبەردبووی
ئەم بوونەوە ئەنجامداوە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە
کە ڕێژەی بەبەردبووە چەماوەکان بۆ لای چەپ دوو ئەوەندەی بەبەردبووە چەماوەکان بووە
بۆ لای ڕاست. لەبەر ئەوەی بەبەردبووەکان ڕەنگدانەوەی پێچەوانەی جەستەی نەرمی گیاندارەکەن
لە کاتی ژیاندا، ئەم چەماندنەوەیە بۆ لای چەپ سەلمێنەری ئەوەیە کە جەستەی گیاندارەکە
لە کاتی زیندبوویدا بەرەو لای ڕاست لار بۆتەوە.
توێژەران تاقیکردنەوەی وردیان ئەنجامداوە بۆ دڵنیابوونەوە
لەوەی کە ئەم لاربوونەوەیە دروستکراوی شەپۆلەکانی دەریا یان تەوژمی ئاو نەبووە لە
دوای مردنی گیاندارەکە. ئاراستەی جیاوازی بەبەردبووەکان لە هەمان چینی بەردیندا ئەوەی
چەسپاند کە ئەم جوڵانە ویستراو بوون و گیاندارەکە خاوەنی کۆئەندامی دەمار و ماسولکە
بووە کە توانای جوڵەی ئازادانەی پێبەخشیوە.
ئەم دیاردەیە دەری
دەخات کە بەباشدانانی ڕەفتاری بۆ لایەکی جەستە یەکێکە لە کۆنترین خەسڵەتەکانی جیهانی
ئاژەڵانە کە تا ئەمڕۆش لە شێوازی ژیانی مرۆڤ، مەیموون، مشک و بەشێک لە مێرووەکاندا
بەردەوامە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
