شارپرێس:
لەکاتێکدا ئەڵمانیا هەوڵی زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی دەدات بۆ 460 هەزار کەس، کچانی گەنج دژی سەربازیی زۆرەملێ ڕادەپەڕن؛ ڕاپۆرتەکانیش باس لەوەدەکەن، سوپا بوەتە شوێنی توندوتیژیی سێکسیو ئامرازێک بۆ ئاساییکردنەوەی ململانێ سەربازییەکان لەژێر ناوی مافی ژناندا.
ئەڵمانیا لەهەوڵی چڕدایە بۆ دوبارە بونیادنانەوەو فراوانکردنی سوپاکەی لەوەڵامی هەڕەشە زیادبوەکانی ڕوسیاو ناڕونیی داهاتوی پاراستنی ئەمنیی ئەوروپا لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵام لەکاتێکدا بەرلین ژنان وەک بەشێکی سەرەکی لەستراتیژیی دامەزراندنی سەربازی دەبینێت، زۆرێک لەکچانی گەنج دەپرسن: ئایا "یەکسانیی جێندەری" بۆ ئاساییکردنەوەی جەنگ بەکاردێت یان بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانیان؟
پلانی گەورەو ئاستەنگی دامەزراندن
سوپای ئەڵمانیا پلانی هەیە تا ساڵی 2035 ژمارەی سەربازەکانی بگەیەنێتە 460 هەزار کەس (260 هەزار سەربازی چالاکو 200 هەزار یەدەگ)، لەئێستادا تەنها 185 هەزار سەربازی چالاکی هەیە، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، لەسەرەتای 2035دا مۆدێلێکی نوێی خزمەتی سەربازی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە کە تێیدا فۆڕمی ناونوسین بۆ هەموو گەنجێکی 18 ساڵان دەنێردرێت.
داتاکان نیشانیدەدەن کە تەنها 0.18٪ی کوڕانو کەمتر لە 4٪ی ئەو کچانەی فۆرمەکەیان بۆ چوە، وەڵامیانداوەتەوە، ئەمەش نیشانەی شکستی وەزارەتی بەرگرییە لەڕاکێشانی خۆبەخشان.
سێکسیزمو توندوتیژیی؛ ڕێگرە سەرەکییەکانی ژنان
یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی دورکەوتنەوەی ژنان لەسوپا، بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەکانی سێکسیزمو توندوتیژییە؛ لەهەردوو ژنە سەربازێک، یەکێکیان ڕاپۆرتی توندوتیژیی سێکسی لەناو سوپادا داوە، هەروەها نەبونی هاوسەنگی لەنێوان کارو خێزانو مامەڵەی پیاوانە لەناو سوپادا، وایکردوە ڕێژەی ژنان لەماوەی 10 ساڵدا تەنها لە 10٪وە بۆ 13٪ بەرزبێتەوە، بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی ناتۆ، پێویستە نزیکەی 40 بۆ 50 هەزار ژنی دیكه پەیوەندیی بەسوپای ئەڵمانیاوە بکەن.
بەرەو سەربازیی زۆرەملێ بۆ ژنان؟
فریدریش مێرز ڕاوێژکاری ئەڵمانیاو بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگریی هۆشداریدەدەن کە ئەگەر خۆبەخشی پێویست نەبێت، سەربازیی زۆرەملێ دەگەڕێننەوە، هەندێک لەسیاسییەکانیش دەڵێن، نابێت جیاوازیی لەنێوان ژنو پیاودا بکرێت لەخزمەتی سەربازیداو جهختیشدهكهنهوه، تەنها ناردنی پیاوان بۆ سەربازیی "جۆرێکە لەجیاکاریی".
چاودێرانیش پێیانوایه، ئەم پرسه پێویستی بەهەموارکردنەوەی دەستور هەیە؛ چونکە مادەی 12ی دەستوری ئەڵمانیا دەڵێت، تەنها پیاوان ناچاردەکرێن بەخزمەتی سەربازییو ژنان لەژێر هیچ بارودۆخێکدا ناچارناکرێن.
ناڕەزایەتی گەنجانو مۆدێلی ئیسرائیل
لەتشرینی دوەمی 2025، زیاتر لە 50 هەزار قوتابی لەسەرتاسەری ئەڵمانیا مانیانگرت دژی چەکدارکردنی وڵات، ئهوكات کچانى تەمەن 18 ناڕهزاییان نیشانداو وتیان، "سوپا مرۆڤ وەک کەرەستەی خاو بۆ جەنگ دەبینێت، توندوتیژیی پیاوانە لەناو سوپادا سێ هێندەی شوێنە ئاساییەکانە".
ئەڵمانیا بۆ تێکەڵکردنی ژنان پەنای بۆ ئەزمونی ئیسرائیل بردوە کە یەکێکە لەو کەمە وڵاتانەی سەربازیی بۆ ژنو پیاو زۆرەملێیە، بەڵام توێژینەوەکان لەئیسرائیل نیشانیدەدەن، سوپا کولتوری "باڵادەستی پیاوانە" بەهێزتر دەکاتو ژنان ناچاردەکات بۆ ئەوەی قبوڵبکرێن، ڕۆڵی پیاوانە بگێڕن.
یەکسانیی لیبراڵ وەک پەردەیەک بۆ جەنگ
حکومەتی ئەڵمانیا کەمپەینێکی بەدروشمی "من ئەوە دەکەم بۆ..." دەستپێکردوە تا نیشانیبدات ژنان بۆ پاراستنی خۆیانو ژنانی تر دەچنە سوپا، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن، ئەمە "ئامرازکردنی ژنانە"، لەکۆتاییدا، ژنان وەک هێمایەک بۆ ئاشتی بەکاردەهێنرێن تا سیمای ترسناکی جەنگ لەپشت پەردەیەکی "یەکسانیی لیبراڵ"و "زەردەخەنەیەکی جوان" بشاردرێتەوە، لەکاتێکدا سوپا لەناوەوە سیستمێکی پیاوانەی توندوتیژ بەرهەمدەهێنێتەوە.
