قوتابیەک لە قوتابخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەستدا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5164 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لەیەکێک لەقوتابخانە ناحکومییەکانی شاری سلێمانی بەهۆی خۆپێداکێشانی جامخانەوە قوتابییەک گیانی لەدەستداو لیژنەکانیش دەستیانکردوە بەلێکۆڵێنەوە لەڕوداوەکە.


لەچوارەم ڕۆژی دەستپێکی پرۆسەی خوێندندا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەیەکێک لەپرۆژەکانی نیشتەجێبونی شاری سلێمانی کە باخچەو قوتابخانەیەکی ناحکومی تێدایە، قوتابییەکی قۆناغی سەرەتایی تەمەن دە ساڵ خۆی دەکێشێت بەجامخانەی ڕاڕەوی قوتابخانەکەداو بەسەختی بریندار بوەو دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوەیەکی تەندروستی بەشارپرێسی راگەیاند، "لەدوای گەیاندنی بەنەخۆشخانەو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە کە بەزەبرێکی زۆر برینداربوە نەتوانراوە هیچ چارەسەرێکی بۆ بکرێت و گیانی لەدەستداوە".

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست شارپرێس کەوتون، لیژنە تایبەتمەندەکان دەستیان کردوە بەلێکۆڵێنەوە لەڕوداوەکەو بڕیارە بەزویی لەهۆکاری ڕوداوەکە بکۆڵنەوەو لایەنی کەمتەرخەم دیاری بکرێت.