ئێران هۆشداری زۆر توند بەئەمریكا دەدات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند،  وڵاتەکەی دەست لەسزادانی ئەمریکا هەڵناگرێت تا ئەو کاتەی حەوت مەرجەکەی تاران بەتەواوی جێبەجێ دەکرێن.


حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران ڕایگەیاند،  واشنتۆن پاش کۆکردنەوەی هێزەکانی لەکەنداوی فارس چاوەڕوانی ئەوە بوو ئێران خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام ڕوبەڕوی خۆڕاگرییەکی جیاواز بوەوە لەلایەن تارانەوە،  ئاماژەی بەوەش کرد گەلی ئێران بەقوربانیدانی شەهیدان ئازایەتی و ئاسایشی نیشتمانیی مسۆگەر کردوە.

حوسێن موحیبی دوپاتیکردەوە، ئێران لەجەنگەکەدا براوەیەو لەئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکات ئەم سەرکەوتنە بکاتە هێزێکی بەرپەرچدانەوەی ستراتیژی و هەمیشەیی. 

هەروەها وتیشی،  ئەمریکا دروشمی گەرەنتیکردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی بەرزکردبوەوە، بەڵام لەم بوارەدا لەماوەی جەنگی دواییدا شکستی هێناو سەرباری ئەوەی خاوەنی گەورەترین هێزی دەریایی جیهانە، نەیتوانی گەروی هورمز تەنانەت بۆ چەند کاتژمێرێکیش بەکراوەیی بهێڵێتەوە.

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ڕاشیگەیاند،"واشنتۆن بۆ ئەوەی رێگری لەبەرزبونەوەی نرخی نەوت بکات بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەروی هورمز کراوەیە، بەڵام لەڕاستیدا کۆنترۆڵکردنی تەواوی گەروەکە لەدەستی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندایە. 

جەختیشی کردەوە  پێش جەنگ ڕۆژانە بەدەیان و تەنانەت زیاتر لە 100 کەشتی بەگەروەکەدا تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا تەنیا بەمۆڵەتی تاران رێگە بە تانکەرەکانی نەوتی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران دەدرێت هاتوچۆ بکەن".