شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەپەراوێزی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، مۆسکۆ پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ کورد هەیەو هەمیشە لەکاتی قەیرانەکاندا هاوکاریی کوردی لەسوریا کردوە.
لاڤرۆڤ جەخت دەکاتەوە کە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق بڕیاری خۆیانە.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەپەراوێزی کۆبونەوەکانی 81ەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی سەبارەت بەمافەکانی گەلی کورد لەسوریاو پاراستنی زمان و کولتوریان لەدەستوری نوێدا، ڕایگەیاند، ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ کورد هەیە لەسوریا، هەرکاتێک کورد ڕوبەڕوی قەیران بوبنەوە هاوکارییان کردون.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، هەسەدە داوای هاوکاریی لێکردون و ئەوانیش هاوکاربون.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا وتی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق، بڕیاری خۆیانە. بەهیچ شێوەیەکیش زمانی کوردی لەسوریا قەدەغەنەکراوە. دووپاتیدەکاتەوە، ئەگەر لەداهاتوودا هەر لایەنێک لەسوریا بیەوێت ڕوسیا ڕۆڵی هەبێت، ئامادەن گوێی بۆ بگرن.
لەتەوەرێکی دیکەدا، لاڤرۆڤ هۆشداریی دایە وڵاتانی ئەوروپا کە باس لەخۆئامادەکردن بۆ جەنگ لەگەڵ ڕوسیا تا ساڵی 2030 دەکەن و وتی ئەوەی ئەوروپا دەیکات دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێکی حەتمی بەهۆی ئەو سەرمایە گەورەیەی دەیخەنە بەرهەمهێنانی چەکەوە.
لاڤرۆڤ وەبیریهێنایەوە کە مۆسکۆ هیچ نیازێکی بۆ شەڕ لەگەڵ ئەوروپادا نییە، بەڵام وتەیەکی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیایی هێنایەوەو وتی،"ئەگەر ئەوان دەستپێشخەری بکەن و هێرش بکەنە سەرمان، پاشەکشە ناکەین؛ وەک پوتن دەڵێت: ئەوە جەنگێکی تەواو جیاواز دەبێت و زۆر کورت دەبێت".
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا پەردەی لەسەر بونی کەناڵی دیپلۆماسیی ژێربەژێر هەڵدایەوەو ئاشکرای کرد: "ئێمە چەندین کەناڵی پەیوەندیی نهێنیمان لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ هەیە و راوبۆچوون لەناوانماندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەورووپا ترسی لێنیشتووە لە دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ داببڕێت.
