ڕاپۆرتێک: بازاڕی خۆراکی جیهانیی هاوشێوەی نەوت دەبێتە گۆرەپانی ململانێ

ئابوری

06/10/2026‌ 1165 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی "ڤزگلیاد" ی ڕوسیی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە بازاڕی خۆراکی جیهانیی تووشی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بۆتەوە کە بەراورد دەکرێت بە ئەندازەی قەیرانی نەوتی ساڵی 1973. بەپێی ڕاپۆرتەکە، کێشەی سەرەکیی ئەمجارە نەک گەمارۆدان، بەڵکو ئەستەمبوونی گەیاندنی کەلوپەلەکانە بۆ کڕیاران.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە: پەککەوتنی گەرووی هورمز، کە پێشتر یەک لەسەر سێی بازرگانیی پەیینی نیترۆجینیی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو، لەگەڵ حەوزی دەریای ڕەش کە 88%ی هەناردەی دەغڵودانی دەریایی ڕووسیای پێکدەهێنا، کاریگەریی قورسیان دروستکردووە.

لە وەڵامی ئەم دۆخەدا، بازاڕەکە بەرەو دووبارە ڕێکخستنەوە دەچێت؛ میسر هەناردەی یۆریای بە ڕێژەی 98% و نێجیریا بە ڕێژەی 81% زیاد کردووە. لەلایەکی ترەوە، گەنمی ئەمریکی، کەنەدی و ئەرجەنتینی هەوڵی پڕکردنەوەی کەلەبەرەکان دەدەن. ڕووسیاش ناردنی کەلوپەلی لەڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە بۆ چین، ئێران و کازاخستان زیادکردووە، بەڵام توانای ئەم ڕێگه زەمینییانە زۆر کەمترە لە دەریای ڕەش و ناتوانن شوێنی بڕە لەدەستچووەکان بگرنەوە.

ئەم بارودۆخە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و کۆگاکردن بۆ جووتیاران و زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی تێکچوونی ئاسایشیی خۆراک دەبنەوە.

ئاسایشی خۆراک کە لەسەر سێ کۆڵەکەی بازرگانیی ئازاد، وزەی هەرزان و کەشوهەوای سەرمایەگوزاریی جێگیر وەستاوە، ئێستا لە بابەتی لێهاتوویی کشتوکاڵییەوە بۆتە پرسێکی جیۆپۆلیتیکی و لۆجستیی سەربازی.

 لەم هاوکێشە نوێیەدا بەرهەمهێنەران و بەکاربەران زەرەرمەندی سەرەکین، و تەنیا ئەوانە قازانج دەکەن کە کۆنترۆڵی ڕێگە لۆجستییە بەدیلەکان دەکەن.