شارپرێس:
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێکارێکی نوێو
نائاساییدا، گوشارێکی توندی خستوەتەسەر قوتابیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو
قوتابخانەکانداو ناچاریکردون (ملوانکەی ناسنامەی جەنگیی) یان ئەو مدالیا تایبەتانە
هەڵگرن کە بۆ ناسینەوەی تەرم بەکاردێن (هاوشێوەی میدالیاکانی سەردەمی شەڕ)، بهگوێرهى
ڕاپۆرتێکی فەرمیی ماڵپەڕی (کوردستان میدیا)، ئەم هەنگاوە ئەمنییە بۆ ئەوەیە کە لەئەگەری
سەرهەڵدانی شەڕو بۆردومانکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکاندا، تەرمی منداڵەکان بناسرێنەوە؛
هاوكات بۆ کڕینی ئەم ملوانکە جەنگییانە، داوای بڕی 600 هەزار تومەن لەهەر قوتابیەک
کراوە.
لهو ڕاپۆرتهدا ئاماژه بهوهكراوه، لەیەکێک
لەقوتابخانە دواناوەندییەکانی کوڕاندا، سێشەممەی ڕابردوو، بەرپرسی یەکەمی قوتابخانەکە
بەشێوازێکی یەکلاکەرەوە ڕوی لەقوتابییان کردوەو وتویەتی، "لەسبەینێوە هەرکەسێک
ملوانکەی ناسنامەی جەنگیی پێنەبێت، با بەهیچ شێوازێک نەیەتەوە بۆ قوتابخانە".
ئەم بڕیارە ئەمنییە توندە بوەتە هۆی
دروستبونی شەپۆلێکی دڵەڕاوکێو ناڕەزایەتی لەناو خێزانەکاندا، ژمارەیەک لەبنەماڵەکان،
لەگەڵ ئەوەی بەقوڵی نیگەرانی پاراستنی گیانی منداڵەکانیانن، ئامادەنەبون ئەو پارەیە
بدەن، بۆیە بڕیاریانداوە منداڵەکانیان لەماڵەوە بهێڵنەوەو بێبەشیان بکەن لەخوێندنی
فەرمیی.
دۆخی ناوەندەکانی خوێندن لەڕۆژهەڵاتی
کوردستان بەتەواوی ئاڵۆز بوە، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی هێزەکانی ئێران باڵەخانەی
قوتابخانەکان وەک بنکەیەک بۆ مانەوەی هێزەکانی خۆیان بەکاردههێنن، ڕاپۆرتهكه
ئاماژهى بهوهشكردوه، ئەم دیاردەیە بەتایبەت لەدوای شەڕی 40 ڕۆژە بەشێوەیەكی بەرچاو
زیادیکردوە، ئەمەش مەترسیی ڕاستەوخۆی لەسەر گیانی قوتابییان دروستکردوە.
لهكۆتایی ڕاپۆرتهكهدا جهختكراوهتهوه،
"ئەمکارەى ئێران دهیكات، پێشێلکاریی ڕونی سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکانەو وایکردوە
گیانی قوتابیان لەبەردەم مەترسیی ڕاستەوخۆی بۆردومانو هێرشە سەربازییەکاندا بێت".
