410 هەزار خۆپیشاندەر چونه‌ سه‌رشه‌قام.. هەزار کارمەند خرانه‌ ئه‌ركه‌وه‌

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2117 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوێنێ شەممە ڕوبەڕوبونەوەی توند لەنێوان پۆلیس‌و خۆپیشانده‌راندا لەپاریس گه‌یشته‌ ئاستێكى زۆر گه‌وره‌، لەکاتێکدا وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا بەشداریی 410 هەزار خۆپیشاندەری لەناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرتاسەری وڵاتەکەدا ڕاگه‌یاند، ئەمەش لەناوەڕاستی بڵاوەپێکردنی چڕی هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی کردەوەکانی شێواندن‌و تاڵانکاریی کە فەرەنسا لەکۆتایی هەفتەی ڕابردودا بەخۆیەوەی بینیبوو.

 

لۆران نونێز وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، دەسەڵاتداران تا کاتی ئێوارە، 135 کەسیان دەستگیرکردوە کە هەندێکیان لەکاتی پڕۆسەی پشکنینی پێشوەختەدا بوەو تێیدا دەستبەسەر یارییە ئاگرینەکان، تۆپە کانزاییەکان‌و کەلوپەلی دیكه‌دا گیراوە کە دەکرێت وەک چەک بەکاربهێنرێن.

حکومەت 70 هەزار کارمەندی لەهێزەکانی پۆلیس‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى دیكه‌ى بڵاوەپێکردبوو کە ئەمەش بەڕێژەی 10 هەزار کارمەند زیاترە لەو بڵاوەپێکردنە ئەمنییەی لەکاتی خۆپیشاندانەکانی 17ی ئۆکتۆبەردا ئەنجامدرابوو، پاشان دژ بەبەرزبونەوەی تێچوی ژیان‌و خراپیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ڕێکخرابوو، گۆڕابوو بۆ یەکێک لەخراپترین ئەو ئاڵۆزییانەی وڵاتەکە لەماوەی چەندین ساڵی ڕابردودا بەخۆیەوەی بینیویەتی.

کۆبونەوە سەرەکییەکەی پاریس پێش تەقینەوەی ڕوبەڕوبونەوەکان بەشێوازێکی ئاشتییانە دەستیپێکردبوو، لەکاتێکدا پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بەڕویاندا لەشاری لیۆن (سێیەم گەورە شاری فەڕەنسا) بەکارهێنا. نونێز بەڕۆژنامەنووسانی وت، "پێویستە مامەڵەکردنمان یەکجار خێرابێت، چونکە بانگەواز لەلایەن گروپە سیاسییەکان‌و تەنانەت تاوانبارانەوە هەیە بۆ نانەوەی پشێویی، ڕۆژێکی درێژمان لەپێشە".

ڕوبەرێکی بەرفراوان لەناوەڕاستی پاریس وەک ناوچەیەکی نیمچە داخراو دەرکەوت، پاشئەوەی خاوەن دوکانەکان واجیهەی شوێنەکانیان بەتەختە قایمکردبوو، زیاتر لە 20 وێستگەی میترۆش داخران. هاوكات دامەزراوە کولتورییە گەورەکان، لەنێویاندا مۆزەخانەی لۆڤەر، دۆرسێ‌و پشتی ئۆپێرا لەپاریس، دەرگاکانیان بۆ تەواوی ڕۆژەکە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی داخست کە ئەمەش بوە هۆی تێکدانی مەزاجی گەشتیاران.

کۆمەڵەکانی کاریش داوایان لەبازرگانانی فرۆشتنی وردە کرد کە دوکانەکانیان بەداخراوی بهێڵنەوە، پاشئەوەی هەزاران دوکان‌و کۆمپانیا لەسەرتاسەری فەرەنسادا لەکۆتایی هەفتەی ڕابردودا ڕوبەڕوی زیان یان تاڵانکاریی ببونەوە. پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانە سەرەکیەکەی پاریس، ململانێیەکی یاسایی لەسەر ڕێڕەوی بەڕێوەچونی دروست ببوو، پاشئەوەی پۆلیس لەکۆتا خولەکدا فەرمانی گواستنەوەی خۆپیشاندانەکەی لەناوەڕاستی شارەوە بۆ کەنارەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی دەرکرد.

پۆلیس بڕیارەکەی بەوە پاساو هێنایەوە کە ڕێڕەوە ڕەسەنەکە بەو ناوچانەدا تێپەڕ دەبێت کە چڕییەکی زۆری لەو دوکانانە تێدایە کە لەئاڵۆزییەکانی پێشودا کرابونە ئامانج، لەکاتێکدا سەرکردە چەپڕەوەکان دەسەڵاتدارانیان تۆمەتبارکرد بەوەی هەوڵی شێواندنی ڕێکخەران‌و ساردکردنەوەی خەڵک دەدەن لەبەشداریکردن.

ژان لوک میلانشۆن سەرکردەی چەپی ڕادیکاڵ کە چوە ناو ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە ڕایگەیاند، دەسەڵاتداران کار لەسەر پەکخستنی کۆبونەوەکان‌و سەپاندنی کاتی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان پێیان دەکەن، بەشێوازێک کە بۆ ڕێکخراوەکان ئەستەم بێت ڕیزەکانی خۆیان سەرلەنوێ ڕێکبخەنەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە هاوکاتبون لەگەڵ دروستبونی گرژیی پاش تەقەکردنێک لەڕۆژئاوای پاریس لەڕۆژی هەینیدا کە بوە هۆی کوژرانی کەسێک‌و برینداربونی چوارى دیكه‌، له‌و نێوه‌نده‌دا کچێکی تەمەن 12 ساڵ لەنێویاندایە؛ گوماندەکرێت چەکدارەکە لەژێر کاریگەریی ڕقوکینە دژ بەئیسلام (ئیسلامۆفۆبیا) ئەوکارەی ئەنجامدابێت.