ئایا زیادکردنی ناردنەوەی دۆلاری نەختینە نرخی دۆلار لەبازاڕی هاوتەریب دادەبەزێنێت؟ شارەزایەک وەڵام دەداتەوە

ئابوری

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زیادکردنی ناردنەوەی دۆلاری نەختینە بۆ عێراق، لەراستیدا مانای دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب نییە. زیاد هاشمی، شارەزای ئابووری، هۆشدارییداوە لە کاریگەریی لێدوانەکان دەربارەی زیادکردنی ئەم ناردنەوانە دا و جەختی کردۆتەوە کە پێویستە میکانیزمی دابەشکردنی دۆلار بە درووستیی ڕوون بکرێتەوە.

هاشمی ئاماژەی بە لێدوانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە ڕایگەیاندبوو حکومەت توانیویەتی ناردنەوەی دۆلاری نەختینە لە ڕێگەی یەدەگی فیدڕالیی ئەمریکاوە بگەیەنێتە 500 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا، هەروەک هەوڵ دەدات لەداهاتوودا ئەو بڕە بگەیەنێتە 1 ملیار دۆلار.

بەڵام، بە گوتەی ئەو شارەزایە، بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری نەختینە بە شێوەیەکی کراوە بۆ فرۆشتن لە بازاڕی ناوخۆ دابین ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی کەناڵە بانکییە دیاریکراوەکانەوە و بۆ مەبەستی گەشت، چارەسەری پزیشکیی، خوێندن و هەندێک گواستنەوەی پارە دابەشی دەکات. دۆلاری تایبەت بە گواستنەوە دەرەکییەکانیش بۆ پارەدارکردنی بازرگانیی و هاوردەکردن بەکاردێت.

ناوبراو هەروەک ئاماژەی بەوە کردووە کە سنووردارکردنی بەشی دۆلاری گەشتیاران و دیاریکردنی کاتی وەرگرتنی پارەکە، کاریگەریی زیادبوونی ناردنەوەکان کەم دەکاتەوە.

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی هاشمی، زیادبوونی دۆلار دەتوانێت داواکاریی گەشتیاران لە بازاڕی هاوتەریب کەم بکاتەوە، بەڵام بە تەنیا نابێتە هۆی زیادبوونی دۆلار لە بازاڕی ناوخۆ یان دابەزینی نرخی دۆلار.

هاشمی جەختی کردۆتەوە کە دابەزاندنی ڕاستەقینە و بەردەوامی نرخی دۆلار پێویستی بە چارەسەرکردنی هۆکارەکانی داواکاریی دۆلار لە دەرەوەی سیستەمی بانکیی فەرمی، ئاسانکاری بۆ هاوردەکاران و کۆنترۆڵکردنی مامەڵە نافەرمییەکان و بازرگانی سنووربەزێن هەیە.