شارپرێس:
لەگەڵ ئاماژەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، فەرماندەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یۆ ئێس ئێس جۆرج واشنتۆن" کە ئێستا لە دەریای عەرەبییە، جەختی کردۆتەوە کە ئەمریکا ئامادەی جووڵەی بەرگرییانە و دەستپێشخەرییانەیە.
کاپتن نیکۆلاس دیلیۆ، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرنال"، وتوویەتی ئەرکی سوپای ئەمریکا لە ئێستادا بریتییە لە پەرەپێدانی هەڵبژاردە سەربازییەکان و پێشکەشکردنیان بە ترەمپ. ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کەشتیی فڕۆکەهەڵگرەکە دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان کردووە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک و پێداویستییەکان، بە ئامانجی ئامادەبوون بۆ هەر بڕیارێکی کۆشکی سپیی سەبارەت بە ئێران.
بەپێی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەم پرۆسەیە بریتییە لە بارکردنی بڕێکی زۆر مووشەکی دوورمەودا کە بۆ بەئامانجگرتنی ئامانجەکانی سەر زەوی بەکاردێن، لەگەڵ بۆمبی دژە پەناگە و قەڵا بەهێزەکان.
ترەمپ لە دوا لێدوانەکانی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی شەڕەکە، وتوویەتی واشنتۆن لەوانەیە ناچار بێت بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەرکەکەی لە ئێران کۆتایی پێبهێنێت، یان بگاتە ڕێککەوتنێک؛ بەڵام بڕیاری کۆتایی بە ئێران سپاردووە.
ئەو جەختی کردۆتەوە کە ئەمریکا لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت، بەڵام ڕەتی کردۆتەوە کاتی هێرشێکی گریمانکراو دیاری بکات و وتوویەتی هەموو هەڵبژاردەکان هێشتا کراوەن.
ترەمپ، لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی ئاستی ئامادەکاریی بۆ هێرشێک بۆ سەر ئێران، بە گاڵتەوە وتوویەتی: "پێت وایە بەڕاستی ئەوە پێت دەڵێم؟" ئەو ئاماژەی بە ئەگەری هێرش لە ڕۆژی دواتریش کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا وتوویەتی ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گەورە و باشیش هەیە.
بە وتەی ترەمپ، ئێران حەز دەکات ڕێککەوتن واژۆ بکات، بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە کە ئایا پابەندی بە ڕێککەوتنەکە دەبێت یان نا.