تورکیا: لەئەستەنبوڵەوە تا ئامەد خۆپیشاندانی گەورە دژ بەکەمبونەوەی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی بەڕێوەچوو

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەچەندین شاری تورکیا، لەوانە ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئیسکی شەهیر، ئەنتالیا، ئادەنە، کۆجەئەلی، اان و ئامەد، خۆپیشاندان بەشداریی ڕۆژنامەنووسان، سیاسەتوانان و نوێنەرانی ڕێکخراوە پیشەییەکان بەخۆوە بینی، بۆ ڕەتکردنەوەی زیادبوونی گوشارەکان لەسەر میدیا ؛ لەوانە دەستبەسەرکردن و زیندانی‌کردنی ڕۆژنامەنووسان، دانانی سەرپەرشتیاری بەسەر دامەزراوە میدیاییەکان و بڕینی دەستگەیشتن بە ماڵپەڕە هەواڵییەکان.

خۆپیشاندانەکان بە بانگەوازی یەکێتیی و دەستە پیشەییەکانی ڕۆژنامەنووسان و بە دروشمی "نەخێر بۆ سانسۆر، ئازادیی بۆ هەواڵ" ئەنجام دران. بەشداربووان داوای کۆتاییهێنان بەو دەستێوەردانە حکومی و دادوەرییانەیان کرد کە بەڕای ئەوان، کاری ڕۆژنامەنووسی سنووردار دەکەن. 

خۆپیشاندەران جەختیان کردەوە کە ئازادیی بڵاوکردنەوەی زانیاریی تەنیا مافی ڕۆژنامەنووسان نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە مافی کۆمەڵگا بۆ دەستگەیشتن بە هەواڵ و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتەکانەوە هەیە.

لە ئیستەنبوڵ، هەزاران کەس لە گەڕەکی کادی‌کۆی کۆبوونەوە و دروشمی پشتیوانی لە ڕۆژنامەنووسانی زیندانییکراویان دا. لە ئەنقەرە، خۆپیشاندەران بە دروشمی "ڕۆژنامەنووسیی ئازاد بێدەنگ ناکرێت" ڕێپێوینیان کرد. لە ئیزمیر، ڕۆژنامەنووسان بۆ دەربڕینی ناڕەزایییان لە سانسۆر، قەڵەمەکانیان لەسەر زەوی دانا.

ئەندامانی چەندین پارتی سیاسیی، لەوانە پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان، پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی کرێکارانی تورکیا، لەگەڵ چالاکوانان بەشدارییان کرد.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ڕێکخراوە پیشەییەکان زیادبوونی دەستگیرکردنەکان، داخستنی ماڵپەڕەکان و دەستێوەردان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە میدیاییەکان مەحکوم کرد و ڕایانگەیاند کە "چیتر ناتوانین هەناسە بدەین".

ئەوان داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو، کۆتاییهێنان بە گوشارە دادوەرییەکان، ڕاگرتنی دانانی سەرپەرشتیار بەسەر دامەزراوە میدیاییەکان و دابینکردنی گەرەنتی بۆ سەربەخۆییی ڕۆژنامەنووسییان کرد.