شارپرێس:
بەشێک لەیاداشتە کەسییەکانی پاپای کۆچکردوو فرانسیس، وردەکاریی نوێی لەسەر ژیانی ڕۆحی و دەرونیی ئاشکرا کردوە؛ لەوانەش ئەوەی کە لەساڵانی 2021 و 2022دا تووشی قەیرانێکی قوڵی ڕۆحی و دەرونی بۆتەوە.
ئەم زانیارییانە لەکتێبێکدا بەناونیشانی "یاداشتە تایبەتییەکانی پاپا فرانسیس" لەلایەن ڤاتیکانەوە بڵاوکراونەتەوە.
کتێبەکە لەلایەن کاردیناڵ ڤیکتۆر مانوێل فێرنانیدێز، سەرۆکی کۆمەڵەی باوەڕی لەڤاتیکان و یەکێک لەنزیکترین هاوکارانی پاپا، ئامادەکراوە. فێرنانیدێز بەنوسەری هاوبەش ناوی هاتوە، چونکە ڕونیکردنەوەو لێدوانی بۆ داناوە تا یاداشتەکان لەچوارچێوەی مێژویی و ڕۆحی خۆیاندا بخوێندرێنەوە.
یاداشتەکان بە دەستی پاپا لە ناو ساڵنامەیەکی ساڵانەی پێستیدا نوسراون و زیاتر لە 30 ساڵی ژیانی دەگرنەوە؛ لە 1992ەوە، کاتێک بەناوی ڕاستەقینەی خۆی، خورخێ ماریۆ بێرگۆلیۆ، وەک ئوسقوفی یاریدەدەری بوینس ئایرێس کاری دەکرد، تا دوا تۆمارەکەی لە 18ی ئابی 2024.
لەگرنگترین بەشەکانی یادداشتەکاندا، ئاماژە بە سەردانی جێی مشتومڕی پاپا بۆ شیلی لە 201 کراوە. فرانسیس دوای ئەوەی سەرەتا گومانێکی لەسەر گێڕانەوەی قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی لەکڵێسای کاتۆلیک دەربڕی، دواتر بەدوای لێکۆڵینەوەدا دانی بە دروستیی قسەکانیاندا نا.
ئەو لەیاداشتێکی حوزەیرانی 2018دا نوسیویەتی "دەرگای دۆزەخم بینیوە"و هەستی بەشەرم و ئازار کردوە لەبەر ئەو خراپەکارییانەی کە گەندەڵییەکان هێنایانە سەر کڵێسا.
بەگوێرەی ڕونکردنەوەکانی فێرنانیدێز، قەیرانی ساڵانی 2021 و 2022 بەپێوەندییەوە بوە بەملمڵانێی ناوخۆیی پاپا لەگەڵ "ئارەزوی بەکارهێنانی دەسەڵاتی ڕەها"و ئەو هەستەی کە تەنیا خۆی دەتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات.
ئەم قەیرانە لەکاتێکدا ڕویدا کە فرانسیس توشی ئازار و کێشەی تەندروستی ببوو لەتەمموزی 2021دا نەشتەرگەرییەکی بۆ کرا، کە لەئەنجامدا نزیکەی 33 سانتیمەتر لەڕیخۆڵەی گەورەی لابرا.
فرێنانیدێز ئاشکرای کردوە کە بەشێک لەنهێنیترین بیرۆکەکانی پاپا بە شفرەیەکی نەشکێنراو نوسراون، بۆیە بڵاونەکراونەتەوە.