دوای مۆڵەتەکەی ترەمپ ئێران لەبەردەم دوو هەڵبژاردەدایە

جیهان

42 خولەک پێش ئێستا‌ 127 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مۆڵەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران تا سەرەتای ساڵی 2027، هەوڵەکانی ناوبژیوانیی دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەک، لە کاتێکدا ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامەی ناوەکیی، مووشەکی و ڕێکخستنی ئەمنیی هەرێمیی، گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاڵۆز دەکەن.

 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تا کۆتایی ئەمساڵی داوە بە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە شەڕ کۆتایی پێبهێنێت، لەگەڵ ئەوەی هۆشدارییداوە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان سەرنەکەون، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی فراوان دەستپێبکاتەوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز"، ڕەخنەی لە شێوازی گفتوگۆکەرانی ئێران گرت و بە شارەزای خۆلاندنەوە و دواخستنی دانوساندنی وەسفکردن، جەختی کردەوە کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی کە ڕێگریی لە بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیی لەلایەن ئێرانەوە بکات.

بەڵام دانی ئەم مۆڵەتە بە مانای ئەوە نییە کە واشنتۆن بە تەواوی بڕیاری گەڕانەوە بۆ شەڕی داوە. دانیال بنعیم، هاوکارێکی دیپلۆماسیی لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت ترەمپ پێشتر چەندین مۆڵەتی دیاریکراوی داوە و بێ ئەنجام تێیپەڕاندوون، چونکە لە نێوان خۆپاراستن لە شەڕێکی نوێ و ڕەتکردنەوەی سازش لەگەڵ ئێراندا هاوسەنگیی دروستدەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، واشنتۆن بەردەوامە لە بەکارهێنانی گوشاری ئابووریی و سزا داراییەکان. وەزارەتی داراییی ئەمریکا دووشەممە سزاگەلی نوێی لەسەر دەیان کەس و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە ئێران سەپاند، لە کاتێکدا مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە لە ئێستادا پێویست بە هەنگاوی سەربازیی زیاتر ناکات، چونکە گوشاری ئابووریی کاریگەریی لەسەر تاران هەیە.

لە بەرانبەردا، غلام حسین دەرزی، جێگری نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردەوە کە تاران دەرگای دیپلۆماسیی دانەخستووە، بەڵام هۆشداریی دا لە وەڵامی خێرا بە هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا یان ئیسرائیل.
گرنگترین بەربەست لەبەردەم ڕێککەوتنەکە، دۆسیەی ناوەکیی ئێرانە، بەوپێیەی واشنتۆن داوا دەکات ئێران دامەزراوە ناوەکییەکانی هەڵبوەشێنێتەوە و هەموو ماددە ناوەکییەکان لە خاکەکەی دەربکات، بەڵام تاران ئەم مەرجانە بە جۆرێک لە تەسلیمبوون دەبینێت.

ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر بەرنامەی ناوەکیی نییە، بەڵکو بەرنامەی مووشەکیی، گەرووی هورمز و ڕێکخستنی ئەمنیی هەرێمییش دەگرێتەوە. ئێران ڕەتیدەکاتەوە لەسەر بەرنامەی مووشەکییەکەی گفتوگۆ بکات و خوازیاری بەشداریی لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزە، لە کاتێکدا واشنتۆن داوای دەرهێنانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو و دڵنیابوون لە ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان دەکات.

لە هەمان کاتدا، قەتەر بە هاوکاریی پاکستان هەوڵدەدات کەناڵەکانی پەیوەندیی لەنێوان دوو لا بەکراوەیی بهێڵێتەوە. محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، لە واشنتۆن لەگەڵ ڕووبیۆ و بەرپرسانی ئەمریکیدا کۆبۆتەوە، هەروەک نوێنەرانی قەتەریش سەردانی تاران و گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کردووە.

تاران لە ڕێگەی ناوبژیوانەکانەوە پێشنیاری کردووە لە ماوەی 2 ڕۆژدا گەرووی هورمز بکاتەوە، بە مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا.

بەڵام ترەمپ ئەم پێشنیارەی ڕەتکردۆتەوە و جەختی کردۆتەوە کە پەلە ناکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە داواکارییەکانی واشنتۆن دابین نەکات.

بەم شێوەیە، ئێران لەبەردەم دوو ڕێگادایە: گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا یان ڕووبەڕووبوونەوەی گریمانکراوی گەڕانەوەی شەڕ، لە کاتێکدا هێشتا هەوڵەکانی ناوبژیوانیی بەردەوامن.