لەئەگەری رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتی گۆڕان لەهەنگاوەكانی پاشەكشە دەكات

کوردستان

02/01/2016‌ 5265 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەئەگەری رێككەوتنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان لەهەنگاوەكانی نزیكبوونەوەی لەیەكێتی پاشەكشە دەكات.

ماوەیەكە یەكێتی نیشتمانی پرۆژەیەكی ئامادەكردووە بۆ پێداچوونەوە بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئەم هەنگاوە نیگەرانی لای بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە دروستكردووە، چونكە بەوتەی خۆیان ئەو هەنگاوە هۆكارێك دەبێت "بۆ دوورخستنەوەی گۆڕان‌و لەحكومەت‌و پەرلەمان".

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی باڵای ناو بزووتنەوەی گۆڕان دەست شارپرێس كەوتووە، دوای بڵاوبوونەوەی زانیاری لەبارەی هەنگاوەكانی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان مشتومڕ دروستبیووە، باس لەوەش كراوە، ئەگەر یەكێتی لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت، ئەوە لەهەنگاوەكانیان لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی پاشەكشە دەكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، هۆكاری نیگەرانبوونی گۆڕان لەو پرۆژەیەی یەكێتی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە پێشتر هەردوولایان (یەكێتی‌و گۆڕان) چەند هەنگاوێكیان ناوە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی، بەڵام رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی، بەواتای كۆتایی هاتنی هەنگاوەكانی پێشووە.

پرۆژەیەكەی یەكێتی بۆ پارتی بەشێوەیەكە، كە رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان چالاكبكەنەوە، ئەوەش بۆ دابەشكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت‌و پەرلەمان لەهەرێمی كوردستان.

هــ . ح