هیچ لیژنەیەك پێكنەهێنراوە
نێوەنگیری‌و هەوڵەكان بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی یەكێتی چڕدەكرێتەوە

کوردستان

06/01/2016‌ 1140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێیس:
هەوڵەكان‌و نێوەنگیرییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان چڕكراوەتەوەو ئەندامێكی سەركردایەتیش رەتیدەكاتەوە بۆ ئەو مەبەستە لیژنە پێكهێنرابێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، كۆمەڵێك كەس پێشنیاری ئەوەیان كردووە، كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەلەبكەن لەچارەسەركردنی كیشەكانیان، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی چڕكراونەتەوە بۆ چارەسەری كێشەكان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو كۆمەڵە كەسە، بۆ ئەو مەبەستە چەند سەردانێكیان كردووە لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كۆبوونەتەوە، كە لەدانیشتنەكاندا باسیان لەوە كردووە، "هەرچی دەكرێت كادرو سەركردایەتی یەكێتی گوشار بكەن تاكێشەكانی نێوانیان چارەسەربكەن".

ماوەیەكە كێشە ناخۆییەكانی یەكێتی سەریهەڵداوەتەوەو بەم دوایانەش بەتەواوی قووڵبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ململانێی باڵە ناكۆكەكانی ئەو حیزبە لەسەر چەند پرسێكی ناوخۆیی‌و دەرەكی یەكێتی.

هاوكات لەئێستادا لەبەشێك لەمیدیاكاندا باس لەوە دەكرێت بەمەبەستی چارەسەری كێشەكان لیژنەیەك پێكهرانراوە، بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەی رەتكردەوە كە لیژنە پێكهێنرابێت بۆ چارەسەری كێشەكان.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، لەبارەی هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەكانی وتی: نەك هەر ئەندامەكانی خۆمان تەنانەت دۆست‌و خەڵكی دڵسۆزی تریش ئەو داوایەیان لەیەكێتی هەیەو لەو بارەوە قسە دەكەن، ئەوەش بۆ چارەسەری كێشەكان.

هــ . ح