كۆبوونەوەكەی یەكێتی لەگەڵ پارتی درز دەخاتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕان

کوردستان

13/01/2016‌ 2160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆبوونەوەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان درز دەخاتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، كە ئێستا ئەو درزە بەلێدوانی فەرمی ئەو دوولایەنەوە دیارە.

دوێنێ‌ شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرۆكایەتی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە، لەگەڵ شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی، بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی حیزبەكە كۆبوونەوە، كە ئەم كۆبوونەوەیە كاردانەوەی بزووتنەوەی گۆڕانی بەدواداهات.

لەدوای كۆبوونەوەكە راگەیاندنی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان چەند هەواڵ‌و راپۆرتێكیان لەسەر كۆبوونەوەكە بڵاویكردەوەو تێدا رایانگەیاند، كە كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان نەبووە، بەڵكۆ ئەو دوولایەنە "لەكۆبوونەوەكەدا باسی داهاتی نەوت‌و رێككەوتنی فرۆشتنی غازی سروشتی ناوچەكانی كەركوك‌و چەمچەماڵیان كردووە".

لەدوای بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە، شەوی رابردوو راستەوخۆ راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەڕاگەیەنراوێك زانیارییەكانی میدیای گۆڕانیان رەتكردەوەو رایانگەیاند "لەكۆبوونەوەكەدا بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو پرسە نەكراوە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، ئێستا مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەزمانی راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان نیگەرانن‌و لەرێگەی چەند پەیامێكیشەوە ئەو نیگەرانیانەی خۆیان بە بەرپرسانی بزووتنەوەكە گەیاندووە، كە ئەمە هۆكارێك دەبێت بۆ درزخستنە نێوان پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و گۆڕان، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵا لەبزووتنەوەی گۆڕان.

سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بۆ شارپرێس نەیشاردەوە، كە بەرپرسانی گۆڕان لەو كۆبوونەوەی نێوان پارتی‌و یەكێتی نیگەرانن، چونكە لەكۆبوونەوەی پێشتریان بەرپرسانی یەكێتی لەگەڵ گۆڕان باسی كێشەكان‌و چارەسەری كێشەكانی هەرێمیان كردووە، بەڵام لەگەڵ بەرپرسانی پارتی باسی داهات‌و پرسی فرشتنی غازیان كردووە. 

لەماوەی رابردوو گۆڕان‌و یەكێتی بەپەیوەندییەكانی نێوانیان چوونەوە، بەشێوەیەك چەند رێككەوتنێكیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی لەسلێمانی‌و هەڵەبجە واژووكردو بەردەوامیش بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە، جەخت لەباشتركردنی پەیوەندییەكانیان دەكەنەوە تا ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەگەر یەكێتی بەردەوامبێت لەسەر ئەو سیاسەتانەی دوور نییە، گۆڕان واز لەو پەیوەندییانەی ئێستا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی هەیەتی.

ئەمە لەكاتێكدایە لەئێستادا گۆڕان پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكرات زۆر خراپەو یەكێتیش وای خۆی نیشاندەدات، كە ئەو نایەوێت ببێتە بەشێك لەو پەیوەندییە خراپانەی نێوان پارتی‌و گۆڕان.

هــ . ح