ئابووری‌ عێراق لەبەردەم دوو شەڕدا
گوزەرانی‌ حەوت ملیۆن فەرمانبەر لەژێر هەڕەشەدایە

لە میدیاکانەوە

15/01/2016‌ 1160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەهۆی‌ قوڵبوونەوەی‌ قەیرانی‌ داراییەوە حەوت ملیۆن فەرمانبەر لەعێراقدا دەستیان لەسەر دڵیانەو چارەنووسیان نادیارە.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئێستا لەهەموو كات زیاتر باس‌و خواسی‌ چارەنووسی‌ فەرمانبەرانی‌ عێراقیان گەرمكردووە، چونكە دەنگۆی‌ ئەوە بڵاوبووەتە كە ژمارەیەكی‌ زۆری‌ فەرمانبەر ناچار دەكرێن بەخانەنشین بوون یان دەست لەكاركێشانەوە، بۆیە هەندێ‌ كەس لەئێستاوە كەوتوونەتە خۆ بۆ پەیداكردنی‌ كارێكی‌ نوێ‌، یان بیركردنەوە لەكۆچ بۆ دەرەوەی‌ عێراق

هەرچەندە ئەم دەنگۆیە ئێستا بەشێوەكی‌ چڕوپڕ لەنێو عێراقییەكاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام د. مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری‌ ئابوری‌ سەرەك وەزیران بە"نیقاش"ی‌ راگەیاند لەمساڵدا بەهیچ شێوەیەك دەست لەموچەی‌ فەرمانبەران نادرێت.

لەبەرامبەردا د. هەیسەم جبوری‌ ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ پەۆلەمانی‌ عێراق بە"نیقاش"ی‌ وت "كۆ   ی‌ بڕی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ عێراق دەگاتە 45 ملیار دۆلار، پێشبینی‌ دەكرێت بایی‌ 15 ملیار دۆلار نەوت بفرۆشرێت بەنەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستانیشەوە، ئەمە جگە لەقەرزی‌ ناوخۆیی‌‌و دەرەكی‌، بۆیە قەیرانێكی‌ قوڵ لەبەردەم عێراقدایە".

هۆشیار زێباری‌ وەزیری‌ دارایی‌ عێراق پێشتر لەچاوپێكەوتنێكی‌ رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندبوو كە ساڵی‌ 2016 ساڵێكی‌ قورس دەبێت لەسەر عێراقییەكان، بەتایبەتی‌ كەنرخی‌ نەوت هەر بەرەو خوارەوە دەچێت.

زێباری‌ وتبووشی‌ "ساڵی‌ پار موچەی‌ فەرمانبەرانمان دابین كرد، بەڵام ئەمساڵی‌ پێشبینی‌ دەكەین هەتا مانگی‌ نیسان توانای‌ دابینكردنی‌ موچەمان هەبێت".

هەیسەم جبوری‌ لەوەڵامی‌ ئەم لێدوانەدا دەڵێت "ئەمە راستییەكەو دەبێت هەمووان دركی‌ پێبكەن، چەند پێشنیارێك خراوەتە بەردەستی‌ حكومەت بۆ كەمكردنەوەی‌ رێژەی‌ كورتهێنان لەموچەی‌ فەرمانبەراندا، یەكێك لەوانە كاراكردنی‌ كەرتی‌ تایبەت‌و فرۆشتنی‌ موڵك‌و ماڵی‌ دەوڵەتە، هەروەها هەوڵدان بۆ گوێزانەوەی‌ پارەی‌ خەوتووی‌ خەڵك لەماڵانەوە بۆ بانكەكان كە بەبڕی‌ 25 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، بەڵام هەموو ئەم پێشنیارانە پێویستیان بەڕێوشوێنی‌ حكومییە".

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا د. مەزهەر سوورە لەسەر ئەوەی‌ كێشەی‌ بودجە كار لەموچەی‌ فەرمانبەران ناكات‌و دەڵێت "ئابوری‌ عێراق لەبەردەم دوو شەڕی‌ قورسدایە، شەڕی‌ نەوت‌و شەڕی‌ داعش، بۆیە ئاستەنگی‌ گەورە رووبەرووی‌ بودجە دەبێتەوە".

دەشڵێت "هەر قسەكردنێك لەبارەی‌ كەمكردنەوەو نەدانی‌ موچە تەنها پڕوپاگەندەیە‌و لەو كاتانەدا بڵاودەبنەوە كە عێراق سەركەوتنێكی‌ گەورە بەدەست دەهێنێت، بۆیە ئەوانە هیچ بنەمایەكی‌ راستیان نییە".

جەخت لەوەش دەكاتەوە كە دەستگرتنەوە بەكەمكردنەوەی‌ موچەی‌ فەرمانبەران نابێت، بەڵكو بەكاراكردنی‌ كەرتی‌ بەرهەمهێنان دەبێت.

لەلای‌ خۆیەوە د. لەیس شبر سەرۆكی‌ ناوەندی‌ گەشەپێدانی‌ وزەو ئاو پێی‌ وایە ئەو كێشەیەی‌ ئێستا هەیە كەڵەكەبووی‌ پێش خۆیەتی‌‌و بە"نیقاش"ی‌ وت "لەهەشتاكانی‌ سەدەی‌ رابردووەوە داهاتی‌ عێراق پشتی‌ بەنەوت بەستووە‌و كەرتەكانی‌ كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌‌و گەشتیاری‌ فەرامۆش كردووە، لەدوای‌ ساڵی‌ 2003 كاتێك نرخی‌ نەوت بەرزبووەوە ئەوا لەسەدا 95ی‌ داهات پشتی‌ بەست بەنەوت".

ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەكات كە حكومەتە یەك لەدوا یەكەكان رۆڵیان هەبووە لەقوڵبوونەوەی‌ كێشەكە بەو پێیەی‌ تەنها بۆ كڕینی‌ دەنگ خەڵكیان دامەزراندووە بێ‌ ئەوەی‌ پێویستیان پێی‌ بێت‌و بیر لەچارەنووسی‌ ئەو هەنگاوە بكەنەوە.

د. لەیس دەڵێت "هیچ پلانێك لەعێراقدا نییەو هەمووان چاویان لەسەر داهاتی‌ نەوتە، بۆیە تێپەڕاندنی‌ ئەم جۆرە قەیرانانە كارێكی‌ ئاسان نابێت".

ئێستا ئەوەی‌ لەهەموو بابەتەكانی‌ تر قسەی‌ زیاتر لەسەر دەكرێت چارەنووسی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانە، كەسێكی‌ وەك د. سەلام سەمیم پسپۆڕی‌ ئابوری‌ پێی‌ وایە هەر چارەسەرێكی‌ خێرا بگیرێتە بەر لەبارەی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانەوە یەك نایەتەوە لەگەڵ بنەماكانی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و بە"نیقاش"ی‌ وت "حكومەت دەتوانێت ژمارەی‌ فەرمانبەرانی‌ كەم بكاتەوە لەبەرئەوەی‌ خاوەن كارە، بەڵام ئەم رێوشوێنە پێچەوانەی‌ بنەماكانی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و دەستەبەركردنی‌ هەلی‌ كارە".

دەشڵێت "هەر بەپێی‌ ئەو بنەمایانە نەدەبوو هیچ كاتێك موچەی‌ فەرمانبەران دوا بكەوێت، كەچی‌ موچە دوا دەكەوێت‌و نە رێكخراوەكانی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و نە فەرمانبەران خۆشیان قسە ناكەن".

یەكێكی‌ تر لەو چارەسەرانەی‌ دەخرێتە روو ئەوەیە كە ماجد ئەبو كەلەل سەرۆكی‌ دەستەی‌ كارگێڕی‌ ناوەندی‌ گەشەپێدانی‌ زر دەیخاتە روو، ئەویش ئەوەیە حكومەت رێ بگرێت لەچوونە دەرەوەی‌ دراوی‌ قورس بۆ دەرەوی‌ وڵات‌و دەشڵێت "دەكرێت یەكێك لەرێوشوێنەكان ئەوە بێت بەشێوەی هەنگاو بەهەنگاو رێ لەهاوردەكردنی‌ كاڵای‌ بیانی‌ بگیرێت، لەهەموو ئەوانەش گرنگتر بەرەنگاربوونەوەی‌ گەندەڵییە لەدام‌و دەزگاكانی‌ دەوڵەتدا".

ئەبولكەلەل پێی‌ وایە بەشێكی‌ سەرخستنی‌ ئەم پرۆسەیە دەكەوێتە ئەستۆی‌ دەستەبژێری‌ كۆمەڵگا بەوەی‌ خەڵك هۆشیار بكەنەوەو دەڵێت "چالاكوانانی‌ كۆمەڵی‌ مەدەنی‌ دەریانخست دەتوانن ناڕەزایی‌ گەورە بەڕێوە ببەن بەبێ‌ دەستوەردانی‌ هێزو لایەن‌و تایفەكان، ئێستاش دەتوانن ئەو هەنگاوەیان بگۆڕن بۆ پرۆژەیەكی‌ سیاسی‌ گەورە".

ئەو پێی‌ وایە شكستی‌ هێزە سیاسییە تایفییە باڵادەستەكان عێراقی‌ گەیاندووە بەم رۆژە‌و دەبێت رێیان لێ بگیرێت، دەشڵێت "راستییە تاڵەكە ئەوەیە ئەو چالاكوانانەی‌ داوای‌ بنبڕكردنی‌ گەندەڵی‌ دەكەن خۆیان هیچ پرۆژەیەكی‌ چاكسازیان نەخستووەتە روو تا لەكاتی‌ پێویستدا جێبەجێ‌ بكرێت".

لەنێو ئەم هەموو بژاردەو لێكدانەوانەدا ئەوەی‌ بەلای‌ عێراقییەكانەوە گرنگە ئەوەیە بزانن چارەنووسی‌ موچەكانیان چی‌ بەسەردێت كە هەموو گوزەرانیانی‌ پێوە بەندە، لەم رووەشەوە تا ئێستا هیچ دڵنیاییەك نەدراوەو هەموو پێوەرەكان دەری‌ دەخەن كە ساڵی‌ 2016 ساڵێكی‌ قورس دەبێت بۆ عێراقییەكان، بەتایبەتی‌ ئەوانەی‌ قوتی‌ ژیانیان لەسەر موچەی‌ حكومەتە، ئەوەی‌ ئەم بارەی‌ قورستریش كردووە گرانبوونی‌ هەموو كاڵاو خزمەتگوزارییەكانە بەشێوەیەكی‌ بەردەوام.