حاكم قادر: رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتی‌و گۆڕان بۆ دژایەتی هیچ لایەنێك نییە

کوردستان

17/01/2016‌ 1468 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند كە حزبەكەی بەردەوامە لەسەر هەوڵەكانی بۆ گفتوگۆو دانوستانی نێوان لایەنەكان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ سەرجەم كێشەكان.

حاكم قادر حەمە جان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەمیانی كۆبوونەویەكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە كادیرانی حزبەكەی رایگەیاند"داواكارین لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان دابینبكات كە چەند مانگە دواكەوتووەو بێ مووچەیی كاریگەری زۆری كردۆتەسەر مووچەخۆران و ژیان و گوزەرانیان، لەكاتێكدا بێكاری بەرۆكی خەڵكی گرتووە".

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەش كردوە لەكێشەو قەیرانەكانی ئەمڕۆی هەرێمدا یەكێتی ناوبژیوان نییە، بەڵكو بەوتەی خۆی بەشێكی سەرەكی و كاریگەرە لەپرۆسەكەداو بەباشی لەو پێگەو قورساییەی خۆی تێدەگات و دەیخاتە خزمەتی دۆزینەوەی چارەسەرەوە لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندا.

حاكم قادر جەختیشیكردەوە كە هەر رێككەوتنێكی یەكێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان یاخود رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەئایندەدا، لەسەر حسابی هیچ لایەنێك نییەو بۆ دژایەتی هیچ لایەنێكیش نییە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتیشی"تائێستا نەگەیشتووین بەهیچ رێككەوتنێك لەگەڵ گۆڕان هەروەك بوونی هیچ رێككەوتنێكیشی لەگەڵ پارتی رەتكردەوە. وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆی بەردەواممان هەیە".

حاكم قادر وتیشی"لەزۆر بواردا پاشەكشەمان كردووەو تەنیا بوارێك كە سەركەوتنی گەورەمان تێدا بەدیهێناوە نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگەیە لەبەرامبەر تیرۆریستاندا بەجۆرێك كە پێشمەرگە ئێستا لەهەموو جیهاندا بۆتە سیمبولی پاراستنی مرۆڤایەتی و ئازایەتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

س.هـ