كۆسرەت رەسوڵ نایەوێت یەكێتی لەسیاسەتەكانی ئێستای بەردەوامبێت

کوردستان

18/01/2016‌ 1020 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند "ناكرێت‌ چیتر  پەیڕەو شكێنی‌و قۆڕخكاری لەبڕیاردان‌و سیاسەتی یەكێتی بەردەوامبێت‌و كار بۆ بەبنەماڵەییكردنی بكرێت".

كۆسرەت رەسوڵ راشیگەیاند "ئێستا بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی ئیفلیجكراوەو كاریان پێناكرێت، دەبێت ئەمە بگۆڕدرێت زەمانەتی جێبەجێكردنی بڕیاری شەرعی یەكێتی بدرێت ئەوكات كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی جێگای خۆی دەگرێت".

بەوتەی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، ناكرێت كۆبوونەوەكان تەنیا ئامانج لێی پەردەپۆشكردنی كێشەكان‌و پێدانی شەرعییەت بێت بەم سیاسەتە نادروستانەی، كە ئێستا پەیڕەودەكرێن.

كۆسرەت رەسوڵ جەختیشیكردووەتەوە، كە ناكرێت‌ چیتر بێ‌دەنگ بین یەكێتیش بۆ مەرامی هەندێك كەس لاوازو بچوكبكرێتەوە، ئەگەر ئەوەش جێبەجێنەكرا ئەوە "ئێمە ناوەندی بڕیاردانی شەرعی دیاریدەكەین‌و بەپێی بەرژەوەندی یەكێتی كاردەكەین‌و چیتر وەزعی ئێستا قابیلی بەردەوام بوون نییە‌و بەدڵنیاییەوە قبوڵی ناكەین‌و بڕیاری خۆمان دەدەین".

ئەم قسانە لەكاتێكدایە ئێستا بارودۆخی سیاسی ناو یەكێتی بەقۆناغێكی پڕ لەكێشەدا تێدەپەڕێت، ئەوەش بەهۆی ململانێی نێوان باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی.

لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و پارتیش، كۆسرەت رەسوڵ دەڵێت: ئەگەر وەك دەڵێن پارتی بەهۆی یەكێتییەوە كۆنتڕۆڵی جوومگە سەرەكییەكانی كردبێت‌و سیاسەتی خۆی بردبێتە سەر، ئەوە لەڕێگەی پاشكۆبوونی خەڵكانی ترەوە لەدۆسییەی نەوت‌و لاوازی نوێنەرایەتیمانە لەحكومەتی هەرێم‌و بەغدا  پەیوەندییەكان، بووە. 

ناوبراو باسی لەوەش كردووە، ئێمە لێی بەرپرس نین‌و ئاگاشمان لێی نییە ئێستا غازیشی هاتووەتە سەرو بەم سیاسەتە پێگەی یەكێتیان بەرانبەر پارتی لاوازكردووەو زیانی زۆریان پێگەیاند.

ئەم قسانەی كۆسرەت رەسوڵ لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تایبەتی هاتووە، كە لەبەشی "راپۆرت‌و چاوپێكەوتنی" سایتی شارپرێس بڵاوبووەوەتەوە.

هــ . ح