پارتی‌و یەكێتی لەسەر پرسی راگەیاندن رێكدەكەون

کوردستان

28/01/2016‌ 1736 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەرپرسانی دەزگاكانی راگەیاندنی یەكێتی‌و پارتی لەسەر ئەوە رێككدەكەون، كە كاركردنی دامەزراوە میدیاییەكانی هەردوو حیزب لەگەڵ بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەكەدا بێت.

ئەم رێككەوتنەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەكۆبوونەوەیەكدا بووە، كە ئەمڕۆ لەنێوان بەرپرسانی راگەیاندنی هەردوو حیزب بەشداربوون، كە تێدا باس لەكاركردنی میدیایی پارتی‌و یەكێتی بۆ قۆناغی ئێستای هەرێم لەسەر ئاستی "قەیرانەكان‌و قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی‌و بەگژاچوونەوەی تیرۆریستان كراوە".

هەروەها بەشێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەچۆنییەتی رەخساندنی زەمینەی بەرچاوڕوونی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆ هەنگاوەكانی حكومەت، كە بەقەیرانی داراییدا تێپەڕێت.

لەبارەی كۆبونەوەكەوە ستران عەبدوڵڵا نوێنەری راگەیاندنی یەكێتی بەپێگەی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندووە، كە كۆبوونەوەكە دەرفەتێكی باش بوو بۆ ئەوەی وەكو جاران راگەیاندنی هەردوولامان كاری هاوبەشمان چالاكبكەینەوە.

هاوكات سەرۆ قادر لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی: بەڕاسپاردەی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی كۆبووینەوە بۆ ئەوەی هەوڵبدەین كەشوهەوایەكی ئیجابی تر لەكوردستان لەڕووی راگەیاندنەوە دروستببێت‌و ئێمە هاوكارو كاریگەری بەرچاووبین تێیدا.

سەرۆ قادر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كەدەوری راگەیاندنی هەردوو حیزب دەورێكی مێژووییە لەدروستكردنی ئەو بارودۆخەی، كە میللەتی "ئێمە ئاگاداری زانیارییەكان بێت‌و لەبارودۆخی هەرێم‌و وڵات‌و ناوچەكە ئاگاداربن".

ئەم رێككەوتنە لەكاتێكدایە، كە ماوەیەكە یەكێتی‌و پارتی دەستیان بەگفتوگۆ كردووە بۆ پێداچوونەوە بەپەیوەندییەكانی نێوانیان، كە ئەگەر هەیە رێككەوتنێكی نوێ‌ لەنێوانیان بێتە ئاراوە.

هــ . ح