سیاسەتی‌ نەختینەیی‌ داعش
فێڵ‌و تەڵەكەبازی‌ بازاڕی‌ دراوی‌ موسڵ بەڕێوەدەبەن

عیراق

17/03/2016‌ 1192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
داعش چەندین رێگای‌ پڕ لەفێڵ‌و تەڵەكەبازی‌ گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی‌ سیاسەتی‌ دراو لەموسڵدا بەڕێوە ببات‌و خۆی‌ چۆنی‌ دەوێت وەهای‌ لێبكات.

سیاسەتی‌ نەختینەیی‌ داعش كە "بەیتولمال" بەڕێوەی‌ دەبات لەسەر سێ‌ كۆڵەكە خۆی‌ راگرتووە، ئەوانیش بریتین لەكێبڕكێ‌و قاچاخ‌و فێڵكردن بۆ بەدەستهێنانی‌ قازانجی‌ راستەوخۆ، سەیرەكە ئەوەیە دۆلاری‌ ئەمەریكی‌‌و دیناری‌ عێراقی‌ كە گوایە داعش پوچەڵی‌ كردوونەتەوە، هێشتا دراوی‌ سەرەكین لەناوچەكانی‌ قەڵەمڕەویداو كەس حیساب بۆ دینارە ئاڵتونییەكەی‌ خەلیفە ناكات.

لەژێر دەسەڵاتی‌ داعشدا لەموسڵ وێنەی‌ هیچ سیاسییەكی‌ عێراق نەماوە، بەڵام بەربڵاوترین وێنە لەو شارەدا وێنەی‌ بینجامین فرانكلینی‌ دامەزرێنەری‌ ئەمەریكایە لەسەر دراوی‌ سەد دۆلاری‌، چونكە سەرەكیترین كۆڵەكەی‌ بازرگانییە لەدەوڵەتەكەی‌ خەلیفەدا.

بەیتولمال وەزارەتی‌ دارایی‌ داعشەو سەرجەم سیاسەتەكانی‌ نەختینە بەڕێوە دەبات‌و هەموو ئەو رێنماییانەی‌ دەریدەكات یەكلاكەرەوەن‌و كەس بۆی‌ نییە گفتوگۆیان لەبارەوە بكات‌و دامەزراوەكانیشی‌ رۆڵی‌ ئەو بانكە حكومییانە دەگێڕن كە لەحوزەیرانی‌ 2014ەوە داخراون.

رێنماییەكانی‌ پەیوەست بەئاڵوگۆڕی‌ نەختینە لەسەر كاغەزێك چاپكراون‌و بەجامی‌ هەموو نوسینگەو كۆمپانیاكانی‌ ئاڵوگۆِی‌ دراوەوە هەڵواسراون، ئەندامانی‌ بەیتولمال بەوردی‌ چاودێری‌ ئەو كۆمپانیاو نوسینگانە دەكەن‌و سیخوڕەكانیان بەناو بازاڕدا بڵاوكردووەتەوە.

ئەبو سەعد كە كاری‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراو دەكات لەرێی‌ ڤایبەرەوە بە"نیقاش"ی‌ وت "وەرگرتنی‌ سوو قەدەغەیەو لەگەڵ حەواڵەكردن‌و وەرگرتنی‌ هەر بڕە پارەیەكیشدا دەبێت كۆپی‌ ناسنامەی‌ كەسەكەو ناونیشانی‌ لەموسڵ وەربگرێت".

بەیتولمال دەست وەردەداتە كاروباری‌ دیاریكردنی‌ نرخ‌و ئاڵوگۆڕی‌ دراوەوەو هیچ كەسێك بۆی‌ نییە لە 10 هەزار دۆلار زیاتر بباتە دەرەوە، مەگەر بازرگان بێت‌و مۆڵەتی‌ پێبدرێت.

كۆمپانیاكانی‌ داعش بۆ كێبڕكێ‌‌و قاچاخ
بۆ جێبەجێكردنی‌ سیاسەتە نەختینەكەی‌ داعش چەند كۆمپانیایەكی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراوی‌ دروستكردووە، هەندێك بەناوی‌ ئاشكرای‌ خۆی‌‌و هەندێكی‌ تر بەناوی‌ مەدەنییەوە كار دەكەن تا لەو رێیەوە كۆنترۆڵی‌ بازاڕ بكەن.

كاری‌ ئەم كۆمپانیایانە تەنها دیاریكردنی‌ نرخی‌ دۆلار نییە، بەڵكو رۆڵیان هەیە لەدزە پێكردن‌و بەقاچاخبردنی‌ دراودا، ئەحمەد سەلمان ناوی‌ خوازراوی‌ كارمەندێكی‌ پێشووی‌ بانكە ئاماژە بەوە دەكات كە بەغدای‌ پایتەخت سەرچاوەی‌ سەرەكی‌ دزە پێكردنی‌ دۆلار بووە بۆ موسڵ، بەڵام پاش ئەوەی‌ دەوروبەری‌ سامەڕا لەدەست داعش سەندراوەتەوە، ئیتر بواری‌ دزە پێكردنی‌ دۆلار كەمتر بووەتەوە، چونكە داعش ئەو رێگایانەی‌ بەكارهێناوە.

سەلمان كە ئێستا لەكۆمپانیایەكی‌ تایبەت لەموسڵ كاردەكات بە"نیقاش"ی‌ وت "سەرچاوەیەكی‌ تری‌ دزە پێكردنی‌ دۆلار هەولێرو دهۆكە، چونكە دۆلار لەرێی‌ ناوچەی‌ بەنداوی‌ موسڵەوە دەگات بەداعش".

بۆ رێگرتن لەم حاڵەتانە دەسەڵاتدارانی‌ بەغداو هەرێمی‌ كوردستان رێگە نادەن هیچ بڕە پارەیەك بگاتە موسڵ، بەڵام قاچاخچییە كوردو عەرەبەكان ئامادەن سەركێشی‌ بكەن، چونكە بڕی‌ قازانجیان دەگاتە 7%.

سەرچاوەیەكی‌ تری‌ گەیشتنی‌ دۆلار بەموسڵ سوریایە، چونكە ئەو بازرگانە سوریانەی‌ لەلای‌ داعش متمانەیان هەیە بەئاسانی‌ دەگەنە موسڵ‌و بەدۆلار مامەڵەكانیان بەڕێوە دەبەن.

فێڵەكانی‌ داعش
داعش چەندین فێڵی‌ گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی‌ ئەو پارانەی‌ لەبانكەكانی‌ موسڵ بردوونی‌ وردە وردە بیانگۆڕێت بەدۆلار.

لەناوچەكانی‌ داعشدا نرخی‌ سەد دۆلاری‌ ئەمەریكی‌ بەرامبەر 130 هەزار دیناری‌ عێراقییە، واتە پێنج هەزار دینار لەبەغدا زیاتر، ئەمەش ئەگەر دینارەكە لەجۆرەكانی‌ 25و 10و پێنج هەزار دیناری‌ بن، ئەگەر دراوەكە ببێت بەهەزار دیناری‌، ئەوا دۆلار بە 135 هەزار دینار دەفرۆشرێت، بۆ دراوە بچوكەكانی‌ وەكو 250 دیناری‌، نرخی‌ دۆلار دەگاتە 155 هەزار دینار.

فەرمانبەرێكی‌ بانك كە خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونەكرێتەوە بە"نیقاش"ی‌ وت "داعش نزیكەی‌ 20% قازانجی‌ دەست دەكەوێت لەئاڵوگۆڕی‌ دۆلاردا، لەبەر ئەوەی‌ هەرچی‌ داهاتی‌ هەیە بەدۆلار دەستی‌ دەكەوێت، لەكاتێكدا ئەو پارایەی‌ دەیدات بەخەڵك وەك موچە بەدینار دەبێت‌و بەدیاریكراویش بەدراوە بچوكەكان دەیدات".

سەرەڕای‌ ئەمانەش بەیتولمال بەدوای‌ سەرچاوەی‌ تری‌ داهاتدا دەگەڕێ‌، وەك بڕینی‌ بەشێك لەموچەی‌ خانەنشینان، چونكە ئامانە تاكە توێژن كە تائێستا حكومەتی‌ ناوەند موچەیان بۆ دەنێرێت.

بەهەموو ئەم هۆكارانە داعش 22 مانگە دەستی‌ گرتووە بەسەر بازاڕی‌ دراوی‌ موسڵداو یاریی‌ بەدۆلارو دینار دەكات، هەرچی‌ دینارە ئاڵتونییەكەی‌ خەلیفەشە كە ناوەڕاستی‌ ساڵی‌ 2015 بڵاویكردەوە هیچ دەنگێكی‌ نەماوە